هۆشداری لە داڕمانی کەرتی تەندروستیی غەززە دەدرێت

رووداو دیجیتاڵ 

پێنج هەفتەیە کەرتی غەززە لەژێر گەمارۆی ئیسرائیلدایە و کاژێر دوای کاژێریش ژمارەی کوژراو و برینداران زیاتر دەبێت.ئەویش گوشارێکی گەورەی لەسەر کەرتی تەندروستیی غەززە دروستکردووە. 
 
تێدرۆس ئەدهانۆم، سەرۆکی رێکخراوی تەندروستیی جیهانی دەڵێت، "دۆخی غەززە بە جۆرێکە ناتواندرێت پێناسە بکرێت؛ رێڕەوی نەخۆشخانەکان پڕبوون لە بریندار و نەخۆش؛ تەرمەکان هەموویان بەسەریەکەوەن؛ نەشتەرگەری بەبێ بەنج دەکرێن؛ هەروەها دەیان هەزار ئاوارە لە نەخۆشخانەکان نیشتەجێ کراون".
 
36 نەخۆشخانە لەو ناوچەیەی فەلەستین هەن؛ 20یان لە پێدانی خزمەتگوزاریی تەندروستی بێبەشن. زیاتر لە ملیۆنێک و 600 هەزار کەس لەنێو غەززە ئاوارەبوون و 117 هەزاریان چوونەتە نێو نەخۆشخانەکان بە ئومێدی ئەوەی گیانیان لەوێ پارێزراو بێت.
 
ریاز مەنسوور، نوێنەری فەلەستین لە نەتەوە یەکگرتووەکان دەڵێت، "نەخۆشخانەکان بوونەتە ئامانجی سەرەکی ئیسرائیلییەکان؛ نەخۆشخانەکان گەمارۆدراون و دەوروبەرییان بۆردوومان دەکرێت."
 
بە گوێرەی ئاماری نەتەوە یەکگرتووەکان، لە حەوتی ئۆکتۆبەرەوە زیاتر لە 250 جار نەخۆشخانە و بنکە تەندروستییەکانی غەززە و کەرتی رۆژئاوا کراونەتە ئامانج.