مانگى سوور پێشنیاز دەکات هەندێک لە بریندارانى غەززە لە عێراق چارەسەر وەربگرن
رووداو دیجیتاڵ
کۆمەڵەى مانگى سوورى عێراقى پێشنیازێکی داوەتە مانگى سوورى میسری و مانگی سووری فەلەستینى بۆ ئەوەی هەندێک لە برینداران و نەخۆشانى شارى غەززە بگوازرێنەوە بۆ نەخۆشخانەکانى عێراق. بەڕێوەبەرى تەندروستى کۆمەڵەکە دەڵێت، ئەگەر پێویست بکات، بریندار و نەخۆش لە غەززەوە بۆ عێراق دەگوازرێنەوە.
11ى کانوونى یەکەمى 2023، دکتۆر عەلى مەجید، بەڕێوەبەرى تەندروستیى کۆمەڵەى مانگى سوورى عێراقی بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند، "پێشنیازمان کردووە بۆ ئەوەى هەندێک لە نەخۆش و بریندارانى شارى غەززەى فەلەستین بگوازرێنەوە بۆ نەخۆشخانەکانى عێراق بە مەبەستى وەرگرتنى چارەسەر".
دکتۆری عەلى مەجید گوتیشى، "پێشنیازەکە بەو شێوەیەیە کە ئەو نەخۆش و بریندارانە ئەگەر بگوازرێنەوە بۆ عێراق، لە نەخۆشخانەى نەشتەرگەریى کۆمەڵەى مانگى سوورى عێراقى لە بەغدا و نەخۆشخانەکانى سەر بە عەتەبەى حوسێنى لە عێراق چارەسەر وەربگرن".
65 رۆژە شەڕ لە نێوان سوپاى ئیسرائیل و بزووتنەوەى حەماسى فەلەستینى دەستپێکردووە و لەلایەنى فەلەستینى زیاتر لە 18 هەزار کەس کوژران و زیاتر لە 50 هەزار کەسی دیکەش بریندار بوون. لە لایەنی ئیسرائیلیش زیاتر لە 1200 کەس کوژراون.
بەڕێوەبەرى تەندروستى کۆمەڵەى مانگى سوورى عێراقى گوتی، لایەنى میسری وەڵامدانەوەیەکی ئەرێنیی بۆ پێشنیازەکەیان هەبووە و گوتیشى، "تاوەکو ئێستا دۆخى نەخۆش و بریندارەکان لە غەززە بەو شێوەیە نەبووە کە پێویست بکات بگوازرێنەوە بۆ عێراق، بۆیە هیچ کاروانێکێکیان رەوانەى عێراق نەکراوە".
کۆمەڵەى مانگى سوورى عێراقى کۆمەڵەیەکى خێرخوازیى سەربەخۆیە و لە ساڵى 1932 دامەزراوە و بارەگاکەى لە بەغدایە.