ئیسرائیل: لەگەڵ قەتەر رێککەوتین بۆ ناردنی دەرمان بۆ بارمتەکانی غەززە

رووداو دیجیتاڵ
 
نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل دەڵێت، "لەگەڵ قەتەر رێککەوتووین کە بە یارمەتی چەند رێکخراوێک دەرمان و پێداویستیی پزیشکی بگەیەنینە بارمتەکانی غەززە".
 
رۆژی هەینی، 12-1-2024، نووسینگەی بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل بڵاویکردەوە، "لەگەڵ قەتەر رێککەوتین بۆ ناردنی دەرمان بۆ بارمتەکانی غەززە. رێککەوتنەکە لە چەند رۆژی داهاتوودا دەچێتە واری جێبەجێکردنەوە".
 
دیپلۆماتێکی قەتەری کە لە گفتوگۆکاندا بەشداربووە گوتی، "سەردانی خێزانی بارمتەکانی غەززەمان کرد و گفتوگۆکانمان خێراتر چوونە پێشەوە. حەماس و ئیسرائیل ویستی خۆیان بۆ ئەو رێککەوتنە نیشاندا".
 
ئەو دیپلۆماتە ئاماژەی بەوە کرد، ناردنی یارمەتییەکە لەرێگەی چەند رێکخراوێکی نێودەوڵەتییەوە دەبێت.
 
خێزانی بارمتەکان پێکەوە کۆمەڵەیەکیان بەناوی "کۆمەڵەی خێزانی بارمتە و بێسەروشوێنەکان" پێکهێناوە و لەو رێگەیەوە دەنگی خۆیان دەگەیەننە لایەنە پەیوەندیدارەکان، بەتایبەت حکومەتی ئیسرائیل.
 
رۆژی سێشەممە 9-1-2024، ئەو کۆمەڵەیە رایگەیاند، "بارمتەکانی غەززە لە دۆخێکی تەندروستیی زۆر خراپدان، هەندێکیان تووشی نەخۆشی بوون و هەندێکیشیان بریندارن".
 
رۆژی 7-10-2023، چەکدارانی بزووتنەوەی حەماس هێرشیان کردە سەر ئیسرائیل و لە ئەنجامدا هەروەک حکومەتی ئیسرائیل باسی دەکات، هەزار و 140 کەسیان کوشت.
 
ئیسرائیل وەڵامی دایەوە و تا ئێستا کە 98 رۆژ تێپەڕیوە، تەندروستیی غەززە دەڵێت، زیاتر لە 23 هەزار و 708 کەس کوژراون.
 
رۆژی 24-11-2023، حەماس و ئیسرائیل بە نێوەندگیریی قەتەر، میسر و ئەمریکا لەسەر ئاگربەست و ئاڵوگۆڕی بارمتە و بەندکراو رێککەوتن.
 
لە کاروانی یەکەمدا بزووتنەوە فەلەستینییەکە 13 بارمتە و ئیسرائیلیش 39 بەندکراوی فەلەستینی ئازادکرد. چەکدارانی حەماس، لە دووەم رۆژی ئاگربەستە چوار رۆژییەکەدا، 13 بارمتەی ئیسرائیلی و چوار تایلاندیان ئازاد کرد، لە بەرامبەردا 39 زیندانی فەلەستینی لەلایەن ئیسرائیلییەوە ئازاد کران. 
 
لە کاروانی سێیەمدا سوپای ئیسرائیل رایگەیاند، "حەماس 17 بارمتەی رادەستی خاچی سوور کرد کە 14یان ئیسرائیلی، دوو تایلاندی و رووسییەک بوون". ئیسرائیلیش 39 بەندکراوی ئازادکرد.
 
لە کاروانی چوارەمدا، بەرپرسانی ئیسرائیل ئازادکردنی 33 بەندکراوی فەلەستینی و حەماسیش ئازادکردنی 11 هاووڵاتی راگەیاند.
 
بە گشتی، لە ئاگربەستە حەوت رۆژییەکەی نێوان ئیسرائیل و حەماسدا 105 بارمتەی ئیسرائیلی و بیانی ئازادکران و لە بەرامبەریشدا 240 زیندانیی فەلەستینی لەلایەن ئیسرائیلەوە ئازادکران؛ هەروەها 750 بارهەڵگری هاوکاری چوونە نێو غەززە.
 
ئیسرائیل دەڵێت، 132 بارمتە هێشتا لای حەماسن و گومان دەکرێت 25 کەسیان کوژرابن.