عێراق نزیکەی 500 تۆن هاوکاری رەوانەی غەززە دەکات
رووداو دیجیتاڵ
حکومەتی عێراق نزیکەی 500 تۆن هاوکاریی مرۆیی رەوانەی کەرتی غەززەی فەلەستین دەکات.
لیوا یەحیا رەسوول، گوتەبێژی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق ئێوارەی رۆژی سێشەممە 12ی ئاداری 2024 لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە، پاڵپشت بە بڕیاری ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق، کە لە کۆبوونەوەی رۆژی 27ی شووبات درا، کاروانێکی هاوکارییان بۆ غەززە لەڕێگەی وەزارەتی بەرگرییەوە گەیاندووەتە ئوردن.
هاوکارییەکە، بە گوتەی لیوا یەحیا رەسوول، لە 482 تۆن ئارد و مادەی دیکەی خۆراکی پێکدێت و بە ئامادەبوونی دەستەی خێرخوازیی ئوردن و نوێنەری رێکخراوی ئونروا رادەستی بەرپرسانی کۆگای غەباوی لە وڵاتی ئوردن کراوە، بۆئەوەی بگەیێندرێتە خەڵکی غەززە.
گوتەبێژی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق دەڵێت، حکومەتی وڵاتەکەی لە هاوکاری و پشتیوانیکردنی گەلی فەلەستین بەردەوام دەبێت.
جەنگی غەززە لە 7ی تشرینی یەکەمی 2023 سەریهەڵدا. بەگوێرەی دوایین ئاماری تەندروستیی غەززە، کە ئەمڕۆ سێشەممە 12ی ئاداری 2024 بڵاویکردەوە، تائێستا 31 هەزار و 184 کەس لە غەززە کوژراون و 72 هەزار و 889ی دیکە بریندار بوون.
بەگوێرەی نەتەوە یەکگرتووەکان، لەکۆی 2.3 ملیۆن کەسی دانیشتووی کەرتی غەززە 1.8 ملیۆنیان ئاوارە بوون؛ هەموو دانیشتووانەکەشی پشت بە هاوکارییە مرۆییەکان دەبەستن.
576 هەزار کەس لە تەواوی ئەو ناوچەیەی فەلەستین لە برسێتیی کوشندەدا دەژین و 10 منداڵیش بەهۆی بەدخۆراکییەوە مردوون.