بەحرێن: تانکییەکانی کۆگەکردنی سووتەمەنیمان بۆردوومان کران


رووداو دیجیتاڵ

وەزارەتی ناوخۆی بەحرێن بەرەبەیانیی ئەمڕۆ پێنجشەممە رایگەیاند، چەند تانکییەکی کۆگەکردنی سووتەمەنی لە دامەزراوەیەک لە پارێزگای موحەڕەق بۆردوومان کراون و هێرشەکەیان خستە ئەستۆی ئێران. 
 
وەزارەتەکە راشیگەیاند، دەستیان بە گرتنەبەری رێوشوێنی پێویست کردووە بۆ کۆنترۆڵکردنی رووداوەکە و پاراستنی شوێنەکە.
 
رووداوەکە لە کاتێکدایە، زنجیرەیەک هێرشی ئێران دامەزراوەکانی وزەی لە چەندین وڵاتی ناوچەکە پێکاوە، ئەوەش وەک کاردانەوە بەرامبەر بە هێرشی ئەمریکا و ئیسرائیل.
 
لەدوای دەستپێکردنی هێرشە هاوبەشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر ئێران لە 28ـی شوبات، ململانێکان بازاڕەکانی وزەی جیهانیان بەشێوەیەکی بەرچاو ناسەقامگیر کردووە، ئەوەش لە رێگەی هێرشی ئامانجدار بۆ سەر ژێرخانی نەوتیی دەریایی و وشکانی، کە نیگەرانییەکانی لەبارەی ئاسایشی دابینکردنی وزەی جیهانەوە زیادکردووە.
 
شرۆڤەکاران دەڵێن، کردنەئامانجی ژێرخانی وزە دەکرێت وەک ئامرازێکی گوشاری ستراتیژی لە ململانێ هەرێمییەکاندا بەکاربهێندرێت، بە لەبەرچاوگرتنی گرنگیی گەورەی ئابووری و جیۆسیاسیی کەرتی نەوت بۆ وڵاتانی ناوچەکە و ئابووریی جیهان.
 
زۆربەی دامەزراوە نەوتییەکان لە کەنداوی عەرەبیدان، کە یەکێکە لە گرنگترین رێڕەوەکانی جیهان بۆ گواستنەوەی وزە و رێژەیەکی بەرچاو لە هەناردەی نەوتی جیهانی پێیدا تێدەپەڕێت.
 
رێڕەوە ئاوییە ستراتیژییەکانی وەک تەنگەی هورمز و دەریای عەرەبیش، رێڕەوی هەستیارن بۆ هاتووچۆی کەشتییە نەوتهەڵگرەکان، ئەمەش واتای ئەوەیە هەر گرژییەکی ئەمنی لەم ناوچانەدا دەتوانێت راستەوخۆ کاریگەری لەسەر نرخەکانی وزە و بازاڕەکانی جیهان هەبێت.

 

 
بەهۆی بەردەوامیی گرژییەکانەوە، ئەمڕۆ نرخی بەرمیلێک نەوت زیاتر لە 8 دۆلار بەرزبووەوە و بەرمیلێک نەوتی برێنت گەیشتەوە 100 دۆلار.