ئیمارات و قەتەر بەرپەرچی 'زۆرترین' هێرشی مووشەکی و درۆنی دەدەنەوە
رووداو دیجیتاڵ
24 کاژێری دیکە، جەنگی ئێران لەگەڵ ئەمریکا و ئیسرائیل هەفتەی دووەم تەواو دەکات و پێ دەنێتە هەفتەی سێیەم، هێشتا هێرشەکانی ئەمریکا بۆ سەر وڵاتانی کەنداو و ناوچەکە لە بەرزترین ئاستدایە، بەڵام سیستمەکانی بەرگری ئەو وڵاتانە بەرگری لە هێرشەکان دەکەن.
سعودیە: چوار درۆنمان تێکشکاند
وەزارەتی بەرگری سعودیە رۆژی پێنجشەممە رایگەیاند: "دوو درۆن بەرپەرچ دراونەتەوە و تێکشکێنراون کە بەرەو کێڵگەی نەوتی شەیبە ئاراستە کراون، درۆنەکان لە بیاباندا تێکشکێنراون."
هەر وەزارەتی بەرگریی سعودیە بەرەبەیانی ئەمڕۆ رایگەیاند: "دوو درۆنی دیکەش خراونەتە خوارەوە یەکێکیان بە ئاراستەی ناوچە و شوێنی باڵیۆزخانەی وڵاتان، ئەوی دیکەشیان بەرەو رۆژهەڵاتی سعودیە ئاراستە کرابوو."
سعودیە لەماوەی 13 رۆژدا زیاتر لە 115 درۆن و 10 مووشەکی ئێرانی بەرپەرچداوەتەوە.
رۆژی چوارشەممە، 11-03-2026 وەزارەتی بەرگریی سعودیە لە زنجیرەیەک بەیاننامەدا بەرپەرچدانەوەی 7 مووشەکی ئێرانی راگەیاند و دەڵێت: "شەش لەو مووشەکانە ئاراستەی بنکەی ئەمیر سوڵتانی ئاسمانی کراون لە پارێزگای خەرەج، هەروەها مووشەکی حەوتەم ئاراستەی ناوچەکانی رۆژهەڵاتی سعودیە کراون."
عومان؛ کاردانەوەی تووندی هێرشەکەی سەرسەلاسە
یەکێک لە دیارترین هێرشەکانی 24 کاژێری رابردوو هێرشی درۆنێکی بۆمبڕێژکراو بوو بۆ سەر کۆگەی نەوت لە بەندەری سەڵاسە، کاردانەوەی تووندی وڵاتانی کەنداوی لێکەوتەوە، ئێران دەڵێ هێرشەکە گوماناوییە و لێی دەکۆڵینەوە، بەڵام وڵاتانی کەنداو پەنجەی تۆمەت بۆ ئێران درێژ دەکەن کە تەنانەت هێرش دەکاتە ئەو وڵاتەی لە رووی پەیوەندی دیپلۆماسییەوە لە هەمووان لێی نزیکترە.
عومان لە 13 رۆژی رابردوودا رووبەڕووی 15 درۆنی ئێرانی بووەتەوە و زۆربەی تێکشکێنراون.
ئیمارات بەرپەرچی زیاتر لە 50 مووشەک و درۆنی دایەوە
لەنێو هەموو وڵاتانی کەنداودا، ئیمارات رووبەڕووی زۆرترین هێرش بووەتەوە،شەپۆلێکی درۆن و مووشەک روویان لە وڵاتەکە کرد، بەجۆرێک 6 مووشەکی بالیستی بەرپەرچ دراونەتەوە، لەگەڵ 7 مووشەکی کڕوز هەروەها 39 درۆن، هەموو ئەمانە تەنیا لە ماوەی رۆژی چوارشەممە ئاراستەی ئیمارات کراون، بەمشێوەیە لە ماوەی 13 رۆژدا ئیمارات بە کۆی گشتی زیاتر لە 1500 درۆن، 270 مووشەکی بالیستی،15 مووشەکی کڕوزی ئاراستە کراوە، ئەمە لەنێو هەموو وڵاتاندا زۆرترینە ئاراستەی وڵاتێک کرابێ .
وەزارەتی بەرگریی ئیمارات ئەو ئامارانەی پشتڕاستکردووەتەوە و دەڵێت:" 241 مووشەکمان تێکشکاندووە، 19 مووشەک لە دەریا کەوتوونەتە خوارەوە،2 لەسەر خاکی وڵات.''
لەبارەی درۆنەکانیش وەزارەتەکە دەڵێت، 1385 درۆن تێکشکێنراون،90 درۆن لە ناوچەی جیاواز کەوتوون.
کوێت: ژمارەیەک درۆنمان تێکشکاند
هێرشە درۆنییەکان بۆ سەر کوێتیش بەردەوامە، شەش هێڵی گواستنەوەی کارەبا بەهۆی هێرشی درۆنێک لەکارکەوتن، هەروەها بەرەبەیانی رۆژی پێنجشەممە کوێت بەرپەرچی کۆمەڵێک درۆنی دیکەی دایەوە، هەندێکیان لە ئاوەدانی کەوتنە خوارەوە و دوو کەس برینداربوون.
رۆژی چوارشەممەش 11-3-2026 کوێت بەرپەرچدانەوەی هەشت درۆنی راگەیاند.
بە کۆی گشتی لەماوەی ئێران 237 مووشەک و 460 درۆنی ئاراستەی کوێت کردووە و زۆربەیان بەرپەرچ دراونەتەوە .
قەتەر: 9 مووشەکی بالیستی تێکشکێنران
جگە لەو وڵاتانە قەتەریش بەرپەرچدانەوەی 9 مووشەکی بالیستی و کۆمەڵێک درۆنی ئێرانی راگەیاند.
وەزارەتی بەرگری قەتەر دەڵێت: "بەرگری ئاسمانی سەرکەوتووانە" کۆمەڵێک هەڕەشەی تێکشکاندووە کە درۆن و مووشەکی بالیستیکی بوون. ئەو مووشەک و درۆنانە لە ماوەی 24 کاژێری رابردوو ئاراستەی وڵاتەکە کراون.
لەماوەی 12 رۆژدا ئێران 63 مووشەک و زیاتر لە 70 درۆنی ئاراستەی قەتەر کردووە، رۆژانە وڵاتەکە بەرپەرچی درۆن و مووشەکەکان دەداتەوە، بەهۆی هێرشیشەوە گەورەترین کێڵگەی گازی لە قەتەر داخراوە کە کاریگەری لەسەر نرخی گازی سرووشتیش لە جیهان هەبووە.
ئوردن یەکێکی دیکەیە لەو وڵاتانەی رۆژانە هێرشی دەکرێتە سەر، بەپێی ئاماری مستەفا حەیاری، گوتەبێژی سوپای ئوردن لەماوەی 12 رۆژی رابردوودا 60 مووشەک و 59 فڕۆکەی بێ فڕۆکەوان ئاراستەی شانشینەکە کراون، بە کۆی گشتی بەرپەرچی 108 درۆن و مووشەک دراونەتەوە لە کۆی 119 دانە.