رێککەوتنی بەرگریی سعودیە و پاکستان؛ گەیشتنی هێزێکی ئاسمانیی لە ئیسلامئابادەوە بۆ ریاز

 
رووداو دیجیتاڵ 

سعودیە و پاکستان رێککەوتنێکی بەرگریی مێژووییان واژۆ کردووە کە تێیدا هاتووە "هەر هێرشێک بۆ سەر یەکێکیان، وەک هێرش بۆ سەر ئەوی دیکە ئەژمار دەکرێت". ئەم هەنگاوە وەک پەیامێکی "رێگری" بۆ ئەو لایەنانە دەبینرێت کە هێڵە سوورەکان دەبەزێنن و دەست بۆ ئاسایشی ناوچەکە دەبەن.
 
لە 9ـی ئەیلوولی2025، ئیسرائیل هێرشی کردە سەر سەرکردەکانی حەماس لە قەتەر، کە یەکێکە لە هاوپەیمانە سەرەکییەکانی ئەمریکا. تەنیا هەفتەیەک دوای ئەو هێرشە، سعودیە وەک هاوپەیمانەکەی دیکەی واشنتن، رووی لە رۆژهەڵات کرد و رێککەوتنێکی "بەرگریی هاوبەش"ـی لەگەڵ پاکستان واژۆ کرد، کە تەنیا دەوڵەتی موسڵمانە خاوەنی چەکی ئەتۆمی بێت.
 
رێککەوتنێکی بێوێنە لە دەرەوەی چەتری ئەمریکا
 
رۆژی 17ـی ئەیلوولی 2025، محەممەد سەلمان، شازادەی جێنشینی سعودیە و شەهباز شەریف، سەرۆکوەزیرانی پاکستان، رێککەوتننامەی بەرگریی ستراتیژیی هاوبەشیان واژۆ کرد. لەو کاتەدا هەردوو وڵات رایانگەیاند، ئەم هەنگاوە بۆ پەرەپێدانی هاوکارییە بەرگرییەکان و بەهێزکردنی رێگریی هاوبەشە بەرامبەر هەر هێرشێک.
 
یەکەمین رێککەوتنی لەو شێوەیەی سعودیەیە لەگەڵ هێزێکی نائەورووپی و ناڕۆژئاوایی لە دەرەوەی چەتری ئەمنیی ئەمریکا. 
 
گرنگییەکەی لەوەدایە کە هێزێکی گەورەی ئابووری و نەوتی (سعودیە) بە هێزێکی ئەتۆمییەوە (پاکستان) دەبەستێتەوە، ئەمەش هاوسەنگییەکانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و باشووری ئاسیا دەگۆڕێت.
 
بەپێی رێککەوتنەکە، هەردوو وڵات پابەند دەبن بە:
 
-  بەرگریی هاوبەش لە ئەگەری هەر هێرشێکی دەرەکی.
-  هاوئاهەنگیی هەواڵگری و مەشقی سەربازیی هاوبەش.
-  دابینکردنی ئاسانکاریی لۆجیستی بۆ یەکدی.
 
چەتری ئەتۆمی و هێڵە سوورەکان
 
نزیکەی 2000 سەربازی پاکستانی لە سعودیە هەن بۆ مەشق و راهێنان، بەڵام رێککەوتنەکە رەهەندی دیکەی هەیە:
 
• رێگریی تەقلیدی: هاوئاهەنگی لە ئۆپەراسیۆنە وشکانی، دەریایی و ئاسمانییەکان و بەرگریی مووشەکی.
 
• رێگریی ناتەقلیدی: هەرچەندە بە فەرمی رانەگەیێندراوە، بەڵام رێککەوتنەکە زەوینە خۆش دەکات بۆ ئەوەی سعودیە بکەوێتە ژێر "چەتری ئەتۆمیی پاکستان".
 
• ئاسایشی سایبەر: رووبەڕووبوونەوەی هەڕەشە ئەلیکترۆنییەکان بۆ سەر ژێرخانی هەردوو وڵات.
 
پەیامێک بۆ واشنتن و ئیسرائیل
 
واژۆکردنی ئەم رێککەوتنە تەنیا هەفتەیەک دوای هێرشەکەی ئیسرائیل هات بۆ سەر دەوحە، نیگەرانییەکانی سعودیەی لەبارەی لاوازیی گەرەنتییە ئەمنییەکانی ئەمریکا نیشاندا. جەیمس جێفری، دیپلۆماتکاری پێشووی ئەمریکی دەڵێت: "ئەوان پەیامێک بۆ واشنتن دەنێرن کە دەڵێت: ئێمە نیگەرانین و ئێوە پابەندی ئەرکەکانتان نین."
 
پەیوەندییە سەربازییەکانی سعودیە و پاکستان بۆ ساڵانی شەستەکانی سەدەی رابردوو دەگەڕێتەوە. پاکستان مەشقی بە هەزاران سەربازی سعودی کردووە و لە کاتی جەنگی یەکەمی کەنداو لە ساڵی 1991ـدا، هێزەکانی پاکستان بەشداربوون لە پاراستنی سنوورەکانی سعودیە. 
 
ئەم رێککەوتنە لە کاتێکدایە کە ناوچەکە بەهۆی شەڕی نێوان ئەمریکا و ئیسرائیل لەگەڵ ئێران، رووبەڕووی ناسەقامگیرییەکی زۆر بووەتەوە و سعودیە دەیەوێت لە رێگەی ئەم هاوپەیمانییە نوێیەوە، هێڵە سوورەکانی خۆی بپارێزێت، بەتایبەتی سەبارەت بە ئاسایشی تەنگەی هورمز و ژێرخانی وزەی وڵاتەکەی.
 
گەیشتنی هێزی ئاسمانیی پاکستان بە ریاز
 
 
رۆژی شەممە، 11ی نیسانی 2026، وەزارەتی بەرگریی سعودیە گەیشتنی هێزێکی سەربازیی پاکستانی بۆ بنکەی ئاسمانیی مەلیک عەبدولعەزیز لە کەرتی رۆژهەڵاتی وڵاتەکەی راگەیاند، ئەوەش وەک جێبەجێکردنی رێککەوتننامەی بەرگریی ستراتیژیی هاوبەشی نێوان هەردوو وڵات.
 
بەپێی بەیاننامەیەکی وەزارەتی بەرگریی سعودیە، ئەو هێزە پاکستانییە لە فڕۆکەی جەنگی و فڕۆکەی پاڵپشتیی سەر بە هێزە ئاسمانییەکانی پاکستان پێکهاتووە. ئامانج لە ناردنی ئەم هێزە "بەهێزکردنی هاوئاهەنگیی سەربازیی هاوبەش، بەرزکردنەوەی ئاستی ئامادەیی و پشتگیریکردن لە ئاسایش و سەقامگیری لەسەر ئاستی ناوچەکە و جیهانە."
 
یەکێک لە بڕگە هەرە گرنگەکانی رێککەوتنەکە ئەوەیە کە "هەر هێرشێک بۆ سەر یەکێک لەو دوو وڵاتە، وەک هێرش بۆ سەر هەردووکیان ئەژمار دەکرێت."
 
خالید بن سەلمان، وەزیری بەرگریی سعودیە لەو بارەیەوە رایگەیاند: "سعودیە و پاکستان هەمیشە و تاوەکو ئەبەد لە یەک سەنگەردان بۆ رووبەڕووبوونەوەی دەستدرێژکاران."
 
 ئەو هێزە ئاسمانییەی پاکستان کە بەرەو بنکەی ئاسمانیی مەلیک عەبدولعەزیز رۆیشتوون، 2 فڕۆکەی سووتەمەنی هەڵگر لە جۆری IL-78 و 4 فڕۆکەی گواستنەوەی سەربازی لە جۆری C-130 لەخۆدەگرێت.
 
ئەم نزیکبوونەوە ستراتیژییە لەم قۆناخەدا رەهەندێکی خێراتری وەرگرتووە. پاکستان رووبەڕووی ئاڵنگاریی ئەمنیی ئاڵۆز دەبێتەوە لەگەڵ هیندستان و ئەفغانستان، لە بەرامبەریشدا سعودیە لە ژینگەیەکی ناوچەیی زۆر هەستیار و ململانێی جۆراوجۆردایە، لەوانەش کێبڕکێ جیۆپۆلیتیکییەکانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و ململانێکانی پەیوەست بە ئاسایشی کەنداو.