پزیشکیان: ئێران بۆ گەیشتن بە رێککەوتنێکی 'هاوسەنگ و دادپەروەرانە' ئامادەیە


رووداو دیجیتاڵ

مەسعود پزیشکیان و ڤلادیمیر پووتین لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا پرسی ئاگربەست، بەڕێوەچوونی دانوستاندنەکانی ئێران و ئەمریکا لە پاکستان و دوایین پێشهاتەکانی ناوچەکەیان تاوتوێ کردووە. پزیشکیان رایگەیاند، "گەورەترین بەربەست لەبەردەم گەیشتن بە رێککەوتنێکی دادپەروەرانە، پاوانخوازیی ئەمریکایە."
 
بەپێی میدیای ئێران، مەسعود پزیشکیان لەو پەیوەندییە تەلەفۆنییەدا ڤلادیمیر پووتین، هاوتا رووسییەکەی، لە وردەکاریی ئەو دانوستاندنانە ئاگادار کردەوە کە بە نێوەندگیریی پاکستان لەنێوان تاران و واشنتن لە ئیسلامئابادی ئەو وڵاتە بەڕێوەچوون و هیچ ئەنجامێکی لێنەکەوتەوە.
 
سەرۆککۆماری ئێران رایگەیاند: "گەورەترین بەربەست لەبەردەم گەیشتن بە رێککەوتنێکی دادپەروەرانە، بوونی ستانداردە دووفاقییەکان و پاوانخوازیی لایەنی ئەمریکییە."
 
بەپێی ئەو راگەیێندراوەی میدیای ئێران بڵاویکردووەتەوە، پزیشکیان جەختی لە ئامادەیی وڵاتەکەی کردەوە بۆ گەیشتن بە رێککەوتنێکی "هاوسەنگ و دادپەروەرانە" کە ئاشتی و ئاسایشی بەردەوام لە ناوچەکەدا مسۆگەر بکات و گوتی: "ئەگەر ئەمریکا پابەندی چوارچێوە یاساییە نێودەوڵەتییەکان بێت، گەیشتن بە رێککەوتن دوور نییە."
 
لە لایەکی دیکەوە، ڤلادیمیر پووتین، سەرۆکی رووسیا، رەخنەی توندی لە هەڵوێست و ستانداردە دووفاقییەکانی وڵاتانی رۆژئاوا گرت و جەختی لە پێویستیی رێزگرتن لە سەروەریی نیشتمانی و یەکپارچەیی خاکی ئێران کردەوە.
 
پووتین پشتگیریی خۆی بۆ داواکارییەکانی ئێران دەربڕی، بەتایبەتی لە پرسی قەرەبووکردنەوەی ئەو زیانانەی لە ئەنجامی هێرشە سەربازییەکان بەر ئێران کەوتوون، هەروەها وەرگرتنی گەرەنتیی ئەمنیی درێژخایەن بۆ ئەوەی هێرشەکان دووبارە نەبنەوە.
 
سەرۆکی رووسیا ئاماژەی بە پەیوەندیی "دۆستانە و برایانە"ی نێوان تاران و مۆسکۆ کرد و جەختی لە پەرەپێدانی هاوکارییەکان لە چوارچێوەی "رێککەوتننامەی گشتگیری ستراتیجی" نێوان هەردوولا و بەردەوامیی هەماهەنگیی نزیکی هەردوو وڵات لە نێوەندە نێودەوڵەتییەکاندا کردەوە.
 
ئەمە لە کاتێکدایە، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، دانوستاندنەکان لەگەڵ ئێران لە پاکستان شکستیان هێناوە و هەڕەشەی تووندی لە ئیران کرد و گوتی: "ئێمە ئێستا لە ئامادەیی تەواوداین و سوپاکەمان کۆتایی بەو تۆزەش دەهێنێت کە لە ئێران ماوە، ئەگەر تەقەمان لێ بکەن." 
 
ترەمپ هەروەها رایگەیاند، هێزی دەریایی ئەمریکا یەکسەر دەست دەکات بە گەمارۆدانی هەموو ئەو کەشتییانەی دەیانەوێ بچنە ناو تەنگەی هورمز یان لێی بێنە دەرەوە. جەختیشی کردەوە، رێگە نادەن ئێران سەرانە لەەو کەشتییانە وەربگرێت کە بە تەنگەکەدا تێپدەپەرن.