نەتەنیاهوو لە ناو خاکی لوبنان: هەڕەشەی هێرشی حیزبوڵڵامان بۆ سەر ئیسرائیل نەهێشت
رووداو دیجیتاڵ
بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل لە ناو خاکی لوبنانەوە رایگەیاند، هێزەکانیان توانیویانە مەترسیی هێرشی وشکانی و "داگیرکاریی" چەکدارانی حیزبوڵڵا بۆ سەر ئیسرائیل نەهێڵن. ئەم سەردانە مەیدانییە تەنیا دوو رۆژ بەر لە دەستپێکردنی گفتوگۆیە سێقۆڵییە چاوەڕوانکراوەکانی واشنتن کرا.
نەتەنیاهوو، کە جلی سەربازیی دژەفیشەکی پۆشیبوو و لە لایەن سەربازە دەمامکدارەکانەوە دەورە درابوو، لە ڤیدیۆیەکدا گوتی: "ئێمە دەبینین لەرێگەی دروستکردنی ئەم ناوچە ئەمنییەوە لە ناو خاکی لوبنان، هەڕەشەی هێرش و داگیرکاریی حیزبوڵڵامان پووچەڵ کردەوە." لەم سەردانەدا یسرائیل کاتس، وەزیری بەرگری و جەنەڕاڵ ئەیال زەمیر، سوپاسالار، یاوەری نەتەنیاهوو بوون.
سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل ئاماژەی بەوە کرد، ئۆپەراسیۆنە وشکانییەکان لە باشووری لوبنان رۆڵی هەبووە لە "کۆنتڕۆڵکردنی مەترسیی مووشەکبارانی" حیزبوڵڵا بۆ سەر ناوچەکانی باکووری ئیسرائیل. هەروەها ئاشکرای کرد، هێزەکانیان لە هەمان ناوچەدا "خەریکی مامەڵەکردنن لەگەڵ پاشماوەکانی حەماس." نەتەنیاهوو گوتی: "هێشتا کاری زۆرمان ماوە و خەریکی کردنیانین."
سەبارەت بەو کۆبوونەوە دیپلۆماسییەی بڕیارە رۆژی سێشەممە لە واشنتن لە نێوان بەرپرسانی لوبنان، ئیسرائیل و ئەمریکا بەڕێوەبچێت، نەتەنیاهوو مەرجەکانی وڵاتەکەی دووپات کردەوە و گوتی: "ئێمە هەڵوەشاندنەوەی چەکەکانی حیزبوڵڵا و رێککەوتنێکی راستەقینەی ئاشتیمان دەوێت کە بۆ چەندین نەوەی داهاتوو بمێنێتەوە."
سەرەڕای لێدوانەکانی نەتەنیاهوو، فەرماندەیی بەرەی ناوخۆی ئیسرائیل رایگەیاند، تەنیا لە رۆژی یەکشەممەدا لانی ەم 10 هێرشی مووشەکی لە لوبنانەوە بۆ سەر خاکی ئیسرائیل تۆمار کراون، هەرچەندە هیچ زیانێکی گیانییان لێنەکەوتووەتەوە.
جەنگی ئێستا کە لە 2ـی ئادارەوە بە هێرشی مووشەکیی حیزبوڵڵا (وەک تۆڵەی کوژرانی خامنەیی لە 28ـی شوبات) دەستی پێکرد، لوبنانی خستووەتە ناو وێرانکارییەکی گەورە و ئیسرائیلیش هەوڵدەدات لەرێگەی "ناوچەی ئەمنی"ـەوە سنوورەکانی بپارێزێت.