تاران: چین دەتوانێت ببێتە نێوەندگیر لەگەڵ واشنتن بەو مەرجەی نەبێتە ئامراز بۆ گوشار

رووداو دیجیتاڵ

باڵیۆزی ئێران لە چین دەڵێ، بەیژینگ وەک نێوەندگیرێکی چاوەڕوانکراو بۆ کەمکردنەوەی گرژییەکانی نێوان تاران و واشنتن دەبیندرێ، بەڵام ئاماژەی بەوەش کرد کە نابێت نێوەندگیریکردن وەک ئامرازێک بۆ گوشارخستنە سەر وڵاتەکەی بەکاربهێندرێ.
 
رەحمانی فەزلی، باڵیۆزی ئێران لە چین لە لێدوانێکدا بۆ ئاژانسی فەرمیی وڵاتەکەی رایگەیاند: "چین دەتوانێت هێزێکی گرنگ بێت بۆ کەمکردنەوەی گرژییەکانی نێوان تاران و واشنتن، بەڵام نابێت نێوەندگیریکردن ببێتە ئامرازێک بۆ بەڕێوەبردنی گوشار دژی ئێران."
 
ئەم لێدوانانەی باڵیۆزی ئێران دوای سەردانەکەی عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران بۆ بەیژینگ دێت، هەروەها هاوکاتە لەگەڵ ئامادەکارییەکانی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا بۆ ئەنجامدانی گەشتێکی فەرمی بۆ چین کە بڕیارە سبەی بێت. 
 
فەزلی ئاماژەی بەوە کرد، چین بۆ تاران تەنیا "هاوبەشێکی ئابووری" نییە، بەڵکو بەشێکە لە "هاوسەنگییە سیاسییەکان"ی وڵاتەکەی بەرامبەر هەڕەشە دەرەکییەکان؛ گوتیشی: "ئێران لە قۆناخی دوای جەنگدا تەنیا پشت بە کاردانەوەی کاتی نابەستێت، بەڵکو لە رێگەی کارکردن لەگەڵ هاوبەشە ستراتیژییەکانیدا هەوڵ بۆ پێناسەکردنەوەی پێگەی دیپلۆماسی خۆی دەدات."
 
بە گوتەی باڵیۆزەکەی ئێران، بەیژینگ لە گۆشەنیگای "رێگریکردن لە جەنگ و پاراستنی ئاسایشی ناوچەکە" سەیری قەیرانەکان دەکات، نەک لە رێگەی گوشارخستنە سەر تاران. سەبارەت بە گرژییەکانی تەنگەی هورمزیش، فەزلی ئاماژەی بەوە کرد کە رێکارە ئەمنییەکانی وڵاتەکەی لەو رێڕەوە ئاوییەدا "بەرگرییە" و مەبەست لێی پەکخستنی بازرگانی نییە.
 
ئەم قسانەی باڵیۆزی ئێران لە چین لەکاتێکدان، وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا لە نوێترین هەنگاویدا 12 کەس و قەوارەی بە تۆمەتی تێوەگلان لە "فرۆشتن و گواستنەوەی نەوتی ئێران" بۆ چین، خستە لیستی سزاکان و رەوانەی لیستی رەشی کردن.