چین بۆ رووداو: پاڵپشتیی ئێران دەکەین لە دیالۆگ و دانوستاندنەکان لەسەر پرسی ئەتۆم
رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی چین بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، ئەوان هەمیشە بانگەشە بۆ چارەسەرکردنی پرسی ئەتۆمیی ئێران لەڕێگەی سیاسی و دیپلۆماسییەوە دەکەن، هەروەها پاڵپشتیی ئێران دەکەن لە دیالۆگ و دانوستاندنەکان لەگەڵ هەموو لایەنەکان بۆ گەیشتن بە چارەسەر.
لین جیان بە رووداوی گوت، چین ئامادەیە بەردەوام بێت لە پاراستنی پەیوەندی و هاوئاهەنگی لەگەڵ هەموو لایەنە پەیوەندیدارەکان بۆ چارەسەری کێشەی ئەتۆمیی ئێران.
ئەمە لەکاتێکدایە، ئەمڕۆ پێنجشەممە، بەدر بوسەعیدی، وەزیری دەرەوەی عومان رایگەیاند، رۆژی 15ـی ئەم مانگە گەڕی شەشەمی دانوستاندنەکانی نێوان ئێران و ئەمریکا لە مەسقەت بەڕێوەدەچێت.
مەهدی فەرەج، بەڕێوەبەری نووسینگەی رووداو لە چین لەبارەی کێشەی مووچە لەنێوان هەولێر و بەغدا و رۆڵی بەیجینگ، پرسیاری لە گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەو وڵاتە کرد و ئەویش رایگەیاند، "ئەوە پەیوەندی بە نێوخۆی عێراقەوە هەیە. وەک پرەنسیپێکی گشتی، چین پاڵپشتیی عێراق لە پاراستنی ئاشتی و سەقامگیری و گەشەپێدان دەکات".
ئەمڕۆ، وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا رێنمایی گەشتکردنی بۆ عێراق نوێکردەوە و گەیاندییە بەرزترین ئاستی مەترسی، کە ئاستی 4ـە و بە واتای قەدەخەکردنی گەشتکردن دێت. هاوکات داوایەکی لە هاووڵاتییانی وڵاتەکە کرد لە هەر بارودۆخێکدا بێت، گەشت بۆ عێراق نەکەن.
ئەم بڕیارە رۆژێک دوای ئەوە دێت، کە واشنتن رۆژی 11ـی حوزەیران فەرمانی بە کشانەوەی کارمەندە ناپێویستەکانی لە عێراق کرد، هۆکارەکەشی بۆ "زیادبوونی گرژییەکانی ناوچەکە و هەڕەشە لەسەر کارمەندانی ئەمریکی" گەڕاندەوە.
لە هۆشدارییەکەدا هاتووە، "تیرۆر، رفاندن، پێکدادانی چەکداری و نائارامیی مەدەنی" بە شێوەیەکی بەربڵاو لە سەرتاسەری عێراقدا هەن و توانای حکومەتی ئەمریکا بۆ پێشکێشکردنی خزمەتگوزاریی فریاکەوتن بە هاووڵاتییانی "زۆر سنووردارە".