چەند سەرچاوەیەک: ئیسرائیل بۆ هێرشی سەر ئێران ئامادەیە
رووداو دیجیتاڵ
چەند سەرچاوەیەک بە میدیای ئەمریکییان راگەیاندووە، بەرپرسانی ئەمریکی ئاگادار کراونەتەوە، کە ئیسرائیل بە تەواوی ئامادەیە بۆ دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنێک بۆ سەر ئێران.
ئەمریکا پێشبینی دەکات ئێران وەک وەڵامدانەوەیەک هێرش بکاتە سەر هەندێک بنکەی ئەمریکا لە عێراق. ئەمەش یەکێکە لەو هۆکارانەی وایکرد ئەمریکا رۆژی چوارشەممە داوا لە هەندێک لە هاووڵاتییانی بکات ناوچەکە بەجێبهێڵن.
میدیای ئەمریکی بەبێ ئاشکراکردنی ناویان، لەسەر زاری ژمارەیەک بەرپرسی ئەمریکی و ئەورووپی دەڵێت، ئیسرائیل ئامادەیە بۆ ئەوەی لە ماوەیەکی نزیکدا هێرش بکاتە سەر ئێران.
وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا بەهۆی "بەرزبوونەوەی ئاستی گرژییەکان" فەرمانی بە کارمەندە ناپێویستەکانی حکومەت کردووە عێراق جێبهێڵن. بەرپرسێکی وەزارەتی بەرگریش بە میدیای ئەمریکی گوتووە، پێنتاگۆن رێگەی بە خێزانی سەربازان داوە بە شێوەیەکی ئارەزوومەندانە ناوچەکانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست جێبهێڵن.
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، رۆژی چوارشەممە لەبارەی ئێرانەوە رایگەیاند، داوا لە ئەمریکییەکان کراوە ناوچەکە جێبهێڵن "چونکە دەکرێت شوێنێکی مەترسیدار بێت؛ با ببینین چی روودەدات." ترەمپ جەختیشی کردەوە، کە ئەمریکا نایەوێت ئێران دەستی بە چەکی ئەتۆمی بگات و گوتی: "ئێمە رێگە بەوە نادەین."
هاوکات عەزیز نەسیرزادە، وەزیری بەرگریی ئێران، رۆژی چوارشەممە بە رۆژنامەڤانانی گوت، ئەگەر دانوستاندنە ئەتۆمییەکان شکست بهێنن و "شەڕێکمان بەسەردا بسەپێندرێت،" ئەوا سوپای پاسداران "هەموو بنکەکانی ئەمریکا لە وڵاتانی میواندار دەکاتە ئامانج."
لەلایەکی دیکەوە، رێکخراوی بازرگانیی دەریایی بەریتانیا هۆشداریی دایە کەشتییەکان، کە بە وریاییەوە لە کەنداوی فارس، گەرووی هورمز و کەنداوی عومان هاتووچۆ بکەن، بەهۆی "زیادبوونی گرژییەکان لە ناوچەکە، کە دەکرێت ببێتە هۆی گرژیی سەربازی."
چەندین ساڵە بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، گومانی لە هەر رێککەوتنێک لەگەڵ ئێراندا هەیە. مانگی رابردوو، ترەمپ بە ئاشکرا رایگەیاندبوو، کە داوای لە نەتەنیاهوو کردووە هێرش نەکاتە سەر ئێران، تاوەکو دانوستاندنەکان بەردەوامن و گوتبووی: "پێم گوت ئەم کارە ئێستا گونجاو نییە، چونکە زۆر نزیکین لە چارەسەرێک."
بەپێی راپۆرتێکی دوو هەفتە لەمەوبەری ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم، ئێران 408.6 کیلۆگرام یۆرانیۆمی بە رێژەی 60% پیتاندووە، کە تەنیا 30٪ـی ماوە بۆ دروستکردنی چەکی ئەتۆمی.
پیت هێگسێس، وەزیری بەرگریی ئەمریکا، رۆژی چوارشەممە لەبەردەم کۆنگرێس گوتی: "چەندین ئاماژەی روون هەن، کە ئەوان بەرەو شتێک دەچن زۆر لە چەکی ئەتۆمییەوە نزیکە."