سووریا: هێرشەکانی ئیسرائیل لە خاکی سووریا سەقامگیری و ئاوەدانی پەکدەخەن
رووداو دیجیتاڵ
کۆماری عەرەبیی سووریا سەرکۆنەی هێرشی ئیسرائیل دەکات بۆ سەر (بەیت جن) لە سنووری دیمەشق و دەڵێت: پێشێلکردنی یاسای نێودەوڵەتییە و سەقامگیری و ئاوەدانی پەکدەخات.
بەیانیی رۆژی پێنجشەممە، لە هێرشێکی هێزەکانی ئیسرائیل بۆ سەر شارۆچکەی (بەیت جن) لە گوندەواری دیمەشق، هاوڵاتییەکی سڤیل گیانی لەدەستدا و حەوت کەسی دیکە دەستگیرکران.
کۆماری عەرەبیی سووریا لە راگەیێندراوێکدا، سەرەڕای سەرکۆنەکردنی هێرشەکە رایگەیاند، ئەو پەلکێشانەی ئیسرائیل بۆ سەر شارۆچکەی (بەیت جن) لە سنووری دیمەشق، بووە هۆی "شەهیدبوونی گەنجێک و دەستگیرکردنی چەند کەسێکی دیکە لە خەڵکی شارۆچکەکە".
ئاماژەی بەوەشکرد، ئەم پەرەسەندنە پێشێلکارییەکی ئاشکرای یاسای نێودەوڵەتی و بڕیارەکانی ئەنجوومەنی ئاسایشە، بەتایبەتی رێککەوتنی جیاکردنەوەی هێزەکان لە ساڵی 1974. سووریا جەخت دەکاتەوە کە ئەم کارە هەڕەشەئامێزانە، هەوڵەکانی بەدیهێنانی سەقامگیری و ئاوەدانکردنەوە پەک دەخەن. داوا لە هێزەکانی نەتەوە یەکگرتووەکانیش دەکات بەرپرسیارێتییەکانیان لە ئەستۆ بگرن.
هەروەها کۆماری عەرەبیی سووریا، داوا لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی، بەتایبەتی ئەنجوومەنی ئاسایش دەکات، کە هەنگاوی جیدی بگرنەبەر بۆ راگرتنی ئەم "دەستدرێژییە دووبارانە"، و مسۆگەرکردنی رێزگرتن لە یاسا نێودەوڵەتییەکان، لەپێناو پاراستنی ئاسایش و سەقامگیریی هەرێمی.
هاوکات وەزارەتی ناوخۆی سووریا لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند: "لە درێژەی ئەو پێشێلکارییە بەردەوامانەی کە هێزەکانی داگیرکەری ئیسرائیل دەیکەن، بەرەبەیانیی ئەمڕۆ هێزێکی سەربازیی سەر بەو وڵاتە، کە پێکهاتبوو لە تانک و زرێپۆشی گواستنەوەی سەرباز و ئۆتۆمبێلی پیادە، بە یاوەریی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی چاودێری، لەشکرکێشییان کردە سەر گوندی (بەیت جن) سەر بە ناوچەی قەتەنا لە سنووری دیمەشق."
وەزارەتەکە دەڵێت: "هێزە داگیرکەرەکە هەڵمەتی هەڵکوتانەسەر و دەستگیرکردنی کردووە، کە ژمارەیەک هاووڵاتیی گرتووەتەوە و بووەتە هۆی رفاندنی حەوت کەس. ئەم پەرەسەندنە هاوکات بووە لەگەڵ تەقەی راستەوخۆ لە خەڵکی گوندەکە، کە بووەتە هۆی شەهیدبوونی هاوڵاتییەکی سڤیل. هەروەها رفێندراوەکان گواستراونەتەوە بۆ ناو خاکە داگیرکراوەکان و تاوەکو ئەم ساتە چارەنووسیان نادیارە."