وەزیری دەرەوەی فەرەنسا پشتیوانی بۆ کورد لە سووریا و رۆژئاوای کوردستان دووپات دەکاتەوە
رووداو دیجیتاڵ
لە نامەیەکی فەرمیدا، ژان نۆوێل بارۆ، وەزیری دەرەوەی فەرەنسا پشتیوانیی تەواوی وڵاتەکەی بۆ کورد لە سووریا و رۆژئاوای کوردستان دووپات دەکاتەوە.
لە نامەکەدا کە بۆ پاسکال ساڤۆلدێی، ئەندامی ئەنجوومەنی پیرانی فەرەنسا ناردووە و ئەویش وێنەیەکی لەگەڵ رووداو هاوبەش کردووە، ژان نۆوێل بارۆ دەڵێت، فەرەنسا "گرنگییەکی تایبەت" بە دۆخی کورد دەدات و وەک "هاوبەشی مێژۆیی لە شەڕی دژی تیرۆر" سەیریان دەکات.
وەزیرەکە نووسیویەتی: "لە 8ی کانوونی یەکەمی 2024ـەوە، لەو کاتەوەی دیکتاتۆریەتی بەشار ئەسەد رووخاوە، هیوایەکی نوێ لە سووریا لەدایکبووە. لەم سووریایە نوێیەدا، پێویستە کورد بتوانن بە تەواوی لە بونیادنانەوەی وڵاتەکەیاندا بەسدار بن، هاووڵاتیبوونی تەواویان هەبێت و رێز لە مافەکانیان بگیرێت، بە تایبەتی مافە کولتووریەکان."
فەرەنسا دەسەڵاتدارانی نوێی سووریا هاندەدات حکومەت بە فرەلایەنی بەڕێوەببەن و مافی پێکهاتەکان بپارێزێت.
ئایاری ئەم ساڵ، ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆککۆماری فەرەنسا لە کاتی میوانداریکردنی ئەحمەد شەرع، سەرۆککۆماری راگوزەری سووریا لە پاریس، جەختی لە هەمان داواکاری کردەوە.
بارۆ لە نامەکەیدا جەخت دەکاتەوە کە قۆناخی راگوزەرە "پێویستە هەموو پێکهاتەکانی سووریا کۆبکاتەوە."
لە بارەی رێککەوتنەکەی 10ی ئاداری نێوان مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) و شەرع کە لە دیمەشق بۆ تێکەڵکردنی دامەزراوەکانی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر بە حکومەتی نوێی سووریا لە بەرامبەر داننان بە مافەکانی کورد واژۆیان کرد، بارۆ نووسیویەتی: "وێڕای ئەوەی لە قۆناخی سەرەتاییدایە، ئاماژەیەکی ئەرێنییە، کە دەبێت لە کۆتاییدا ببێتە هۆی داننانی تەواو بە مافەکانی کورد."
دەشڵێت: "ئێمە بە هەوڵە دیپلۆماسییەکانمان رۆڵمان هەبووە لە کارئاسانیکردن بۆ ئەو گفتوگۆیانە و بەردەوامیش پشتیوانی لەو دانوستاندنانە دەکەین کە رێگە لە بەردەم جێبەجێکردنی تەواوی رێککەوتنامەکە خۆش دەکەن. من بەردەوام لەگەڵ جەنەڕاڵ مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی هەسەدە قسە دەکەم، کە 24ی نیسان لە هەولێر ئەوم بینی بۆ ئەوەی رێگەکانی مسۆگەرکردنی ئاسایشی گەلی کورد لە باکووری رۆژهەڵاتی سووریا تاوتوێ بکەین."
وەزیری دەرەوەی فەرەنسا هەروەها باس لەوە دەکات کە نێوەندگیریان لە نێوان هەسەدە و تورکیادا کردووە بۆ ئەوەی گرژییەکانیان کەم بکەنەوە.
بە گوتەی وەزیری دەرەوەی فەرەنسا "ئێمە نێوەندگیریمان کردووە لە نێوان کوردانی باکووری رۆژهەڵاتی سووریا و دەسەڵاتدارانی تورکیا."
بارۆ ئاماژە بەوە دەکات، لە کۆبوونەوەکانیان لەگەڵ بەرپرسانی تورکیا، داوایان لێدەکەن "پشتیوانی لە کەمکردنەوەی گرژییەکان بکەن، خۆیان لە رووبەڕووبوونەوە بەدووربگرن و رێککەوتنێک بدۆزنەوە کە بۆ هەموو لایەنێک گونجاو بێت."
وەزیرەکە هەروەها دەڵێت: "ئێمە پابەندین بە کارئاسانیکردن بۆ دانوستاندنی نێوان کوردانی سوریا و کوردانی عێراق."