ئازەربایجان: لەبەر قەیرانی وزە، گاز هەناردەی سووریا دەکەین

رووداو دیجیتاڵ

ئازەربایجان، دوای میوانداریکردنی ئەحمەد شەرع، سەرۆکی کاتیی سووریا رایگەیاند، وەک هەوڵێک بۆ چارەسەرکردنی کێشەی کەمیی وزەی ئەو وڵاتە، گاز هەناردەی سووریا دەکات.
 
دەسەڵاتدارانی نوێی سووریا، کە لە مانگی کانوونی یەکەمی رابردوودا دەسەڵاتی بەشار ئەسەدیان رووخاند، دوای نزیکەی 14 ساڵ لە شەڕی ناوخۆ، هەوڵی ئاوەدانکردنەوەی ژێرخان و ئابووریی وڵاتەکەیان دەدەن.
 
ململانێکان زیانێکی زۆری بە ژێرخانی کارەبای سووریا گەیاندووە و بووەتە هۆی بڕینی کارەبا کە هەندێکجار زیاتر لە 20 کاژێر لە رۆژێکدا دەخایەنێت.
 
رۆژی شەممە 12-07-2025، سەرۆکایەتیی ئازەربایجان رایگەیاند، ئەحمەد شەرع سەردانی باکۆی کردووە و لەگەڵ ئیلهام عەلیێڤ، سەرۆکی ئەو وڵاتە کۆبووەتەوە.
 
سەرۆکایەتیی ئازەربایجان لە راگەیێنراوێکدا گوتی، "لە کۆبوونەوەکەدا جەخت لەسەر گرنگیی هاوئاهەنگیی نێوان هەردوو وڵات کرایەوە، بەتایبەتی لە کەرتی وزەدا، هەروەها ئاماژە بەوەکرا کە سووریا ئێستا رووبەڕووی کێشەیەکی سەختی وزە بووەتەوە."
 
راگەیێنراوەکە دەشڵێت، "لە داهاتوویەکی نزیکدا پڕۆژەیەکی هەناردەکردنی گازی ئازەربایجان بۆ سووریا لە رێگەی تورکیاوە جێبەجێ دەکرێت، کە لە دابینکردنی ئاسایشی وزەی ئەو وڵاتە یارمەتیدەر دەبێت."
 
لە مانگی ئایاردا، محەممەد بەشیر، وەزیری وزەی سووریا رایگەیاندبوو دیمەشق و ئەنقەرە رێککەوتوون بۆ ئەوەی تورکیا لە رێگەی بۆرییەک لە باکووری وڵاتەکەوە گازی سرووشتی بۆ سووریا دابین بکات.
 
ئازەربایجانی دەوڵەمەند بە گاز، هاوپەیمانێکی مێژوویی تورکیایە و پەیوەندییەکی نزیکیشی لەگەڵ حکومەتی کاتیی سووریادا هەیە.
 
لەلایەکی دیکە، ئیلهام عەلیێڤ بەردەوام هەڵوێستەکانی خۆی لەگەڵ هەڵوێستەکانی تورکیادا لەسەر پرسە نێودەوڵەتییەکان، بە سووریاشەوە، هاوتەریب کردووە.