بەرپرسێکی حەماس: ئەگەر جەنگ دەستپێبکاتەوە، ئامادەین بۆ شەڕ
رووداو دیجیتاڵ
بەرپرسێکی باڵای حەماس رۆژی شەممە رایگەیاند، ئەگەر ئیسرائیل لە دژی کەرتی غەززە دەست بە جەنگ بکاتەوە، بزووتنەوەکەیان ئامادەی شەڕکردنە و رەتیشی دەکەنەوە لە چوارچێوەی پلانی ئاشتیی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکادا، کەرتی غەززە جێبێڵن.
حوسام بەدران، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی حەماس پێشبینی دەکات دانوستاندنەکانی قۆناخی دووەمی ئاگربەست، سەخت و زەحمەت بن.
بە گوتەی بەرپرسەکەی حەماس، چەکدانان کە خاڵێکی سەرەکیی نێو پلانەکەی ترەمپە، رەنگە خاڵێکی ناکۆکی بێت بۆ گرووپە چەکدارە فەلەستینییەکە.
حوسام حەمدان لە دەوحە ئەم قسانەی بۆ ئاژانسی فرانس پرێس کردوون، ئەو شوێنەی کە مانگی رابردوو ئیسرائیل هێرشیکردە سەر کۆبوونەوەیەکی بزووتنەوەکە و شەش کەسی کوشت.
ئەمە لە کاتێکدایە ئاگربەست لە غەززە دەستیپێکردووە و رۆژی دووشەممە دوایین مۆڵەتە بۆ ئازادکردنی ئەو بارمتە ئیسرائیلییانەی لە هێرشەکانی 7ـی ئۆکتۆبەری 2023ـی حەماسدا دەستبەسەرکران.
بەڵام، هێشتا لەسەر چەندین بەشی پێشنیازەکەی ترەمپ رێکنەکەوتوون، لەوانەش چەکدانانی حەماس و پلانەکانی بەڕێوەبردنی غەززە لە دوای شەڕ.
دەقی بەشێکی هەڤپەیڤینەکە:
پرسیار: ئایا حەماس نیازی هەیە چەکەکانی خۆی بهێڵێتەوە؟
حوسام بەدران: گرنگە ئاماژە بەوە بکرێت چەکەکانی حەماس تەنیا چەکی ئەوان نین. ئەمڕۆ ئێمە باس لە چەکێک دەکەین، چەکی تەواوی گەلی فەلەستینە و چەک لە دۆخی فەلەستیندا شتێکی سرووشتییە و بەشێکە لە مێژوو، ئێستا و داهاتوو. ئەوە دۆخێکی ئاساییە، وەک گوتم، بۆ هەر گەلێک کە لەژێر داگیرکاریدا بژی... [ئەوان] باس لە چ جۆرە چەکێک دەکەن؟ ئایا باس لە تانک دەکەن؟ لە فڕۆکەی جەنگی؟ لە چەکی پێشکەوتوو؟ ئەو چەکانەی لەلایەن حەماس و بەرخودانەوە هەن، چەکی تاکەکەسین بۆ بەرگریکردن لە گەلی فەلەستین.
پرسیار: ئەگەر ئیسرائیل جارێکی دیکە هێرشبکاتەوە چی روودەدات؟
حوسام بەدران: پێموایە هەموو چاودێران پێشبینیی ئەوەیان نەدەکرد ئەم شەڕە دوو ساڵ بەردەوام بێت، لە کاتێکدا بەرخودان، بە یارمەتیی کەتیبەکانی قەسام و ئەوانی دیکە، توانای خۆڕاگری و بەرگەگرتن و ئاراستەکردنی گورزی لە سوپای داگیرکەری هەیە. هیوادارین نەگەڕێینەوە بۆ [شەڕ]، بەڵام بێگومان گەلی فەلەستین و هێزی بەرخودان رووبەڕووی دەبنەوە و هەموو تواناکانیان بەکاردەهێنن بۆ بەرپەرچدانەوەی ئەم دەستدرێژییە ئەگەر ئەم شەڕە بسەپێندرێت.
پرسیار: حەماس چۆن دەڕوانێتە دانوستاندنەکانی داهاتوو؟
حوسام بەدران: قۆناخی دووەمی دانوستاندنەکان پێویستی بە گفتوگۆیەکی ئاڵۆزترە و وەک قۆناخی یەکەم ئاسان نییە. قۆناخی دووەمی پلانی ترەمپ، وەک لە خاڵەکان خۆیاندا دیارە، چەندین ئاڵۆزی و سەختیی تێدایە. ئەمەش پێویستی بە دانوستاندنی رەنگە درێژتر هەیە، بەڵام پێش ئەوەش پێویستی بە دیالۆگێکی نیشتمانیی فەلەستینی هەیە بۆ گەیشتن بە وەڵامێکی نیشتمانیی فەلەستینی.
پرسیار: ئایا حەماس کەرتی غەززە جێدەهێڵێت؟
حوسام بەدران: ئەو سەرکردانەی حەماس کە لە کەرتی غەززەن، لەسەر خاکی خۆیانن، ئەو خاکەی کە ساڵانێکی زۆرە لەسەری ژیاون، لەنێو خێزان و گەلەکەیاندان. بۆیە دۆخی ئاسایی ئەوەیە کە لەوێ بمێننەوە. ئێمە تامەزرۆی ئەو رۆژەین کە بتوانین بگەڕێینەوە بۆ ئەو خاکەی کە لێی دەرکراین و ئاوارە کراین. قسەکردن لەسەر دەرکردنی فەلەستینییەکان، جا ئەندامی حەماس بن یان نا، لە خاکەکەیان شتێکی بێمانا و پووچە.
پرسیار: ئایا حەماس بەشداری لە واژۆکردنی فەرمیدا دەکات؟
حوسام بەدران: ئێمە سەرەتا لە رێگەی نێوەندگیرە قەتەری و میسرییەکانەوە مامەڵە دەکەین، بێگومان... بابەتی واژۆکردنی فەرمی – ئێمە بەشدار نابین.
پرسیار: ئایا دانوستاندنەکان رێگە بۆ دامەزراندنی دەوڵەتی فەلەستینی خۆشدەکەن؟
حوسام بەدران: گرنگ نییە ئایا لە داهاتوویەکی نزیکدا بەدیدێت یان نا. ئەوەی گرنگە ئەوەیە کە جیهان تێبگات کە ناتوانرێت پرسی فەلەستین پشتگوێ بخرێت. ئەگەر لەم قۆناخەی داهاتوودا مافی خۆمان بۆ دامەزراندنی دەوڵەتەکەمان بەدەستنەهێنین، هیچ سەقامگیرییەک لەم ناوچەیەدا نابێت و گەلی فەلەستین بەردەوام دەبێت و سوور دەبێت لەسەر خەبات و بەرخودانی بە هەموو شێواز و رێگەیەک تاوەکو ئەم ئامانجە بنەڕەتییەی فەلەستینییەکان بەدیدەهێنرێت.