نووسینگەی نەتەنیاهوو: دوای گەڕانەوەی هەموو بارمتەکان، بەندکراوە فەلەستینییەکان ئازاد دەکەین

 
رووداو دیجیتاڵ

گوتەبێژی نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل دەڵێ، دوای گەیشتنەوەی بارمتەکان بە ئیسرائیل و رادەستکردنەوەی تەرمەکان، زیندانییە فەلەستینیەکان ئازاد دەکەن. بە گوێرەی پلانی ئاگربەست، بڕیارە سبەی حەماس بارمتە ئیسرائیلییەکان ئازاد بکات. 
 
رۆژی یەکشەممە، 12ی تشرینی یەکەمی 2025، شۆش بەدرۆسیان، گوتەبێژی نووسینگەی بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل بە رۆژنامەڤانانی راگەیاند: "بەندکراوە فەلەستینییەکان ئازاد دەکرێن، دوای ئەوەی ئیسرائیل پشتڕاستی کردەوە کە هەموو بارمتەکان گەیشتوونەتەوە خاکی وڵات". 
 
گوتەبێژی نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل باسی لەوەشکرد، پێشبینی دەکەن سبەی بەیانییەکەی بارمتەکان ئازاد بکرێن. 
 
پێرێ، وەزارەتی دادی ئیسرائیل ناوی 250 زیندانی فەلەستینی بڵاوکردەوە کە بڕیارە وەک گۆڕینەوەی زیندانیان بە بارمتەکان ئازاد بکرێن. بە گوێرەی پلانی ئاگربەستی غەززە، حەماس 46 بارمتە و تەرم دەداتەوە ئیسرائیل. 
 
بە گوێرەی راگەیێندراوی وەزارەتەکە، لەو 250 زیندانییە 15یان لە رۆژهەڵاتی قودس/ئۆرشەلیم و 100یان لە کەرتی رۆژئاوا ئازاد دەکرێن. 
 
راگەیاندنی ئەو لیستە دوای ئەوە هات کە هەمان رۆژ حکومەتی ئیسرائیل پلانی ئاگربەستی غەززەی پەسندکرد. 
 
ئەیاد ئەبو رەب، فەرماندەی جیهادی ئیسلامی لە جنین و کەرتی رۆژئاوا لەنێو لیستی ئازادکراواندایە. ئەبو رەب بە تۆمەتباری پلاندانەری هەریەک لە تەقینەوەی شامۆد میشۆلا لە 2003، تەقینەوەی خۆکووژی لە تەلئەڤیڤ لە شوباتی 2004 و تەقینەوەیەکی دیکەی خۆکوژی لە حەیفا دادەندرێ. 
 
هەروەها، محەممەد زەکەرنا، فەرماندەی بزووتنەوەی فەتح کە تۆمەتبارە بە هێرشێک بۆ کوشتنی شۆفێری تەکسیەک لە ئیسرائیل لە لیستی ئەو کەسانەدایە کە ئازاد دەکرێن. 
 
پلانی ئاگربەست لەلایەن دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکاوە پێشنیازکرا، ئەوەش بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگێک کە تشرینی یەکەمی پێرار بە هێرشی حەماس بۆ سەر ئیسرائیل دەستیپێکرد.