پێکدادان لەنێوان هێزەکانی حەماس و ئەندامانی عەشیرەتێکی چەکدار لە شاری غەززە روویدا
رووداو دیجیتاڵ
لانیکەم 27 کەس لە پێکدادانەکانی نێوان حەماس و عەشیرەتێکی شاری غەززەدا کوژراون، لە کاتێکدا ئیسرائیل چاوەڕێی ئازادکردنی بارمتە دەکات لەلایەن حەماسەوە.
پێکدادانی تووند لەنێوان هێزەکانی ئاسایشی حەماس و ئەندامانی چەکداری بنەماڵەی دوغموش لە شاری غەززە روویدا، کە یەکێکە لە تووندوتیژترین رووبەڕووبوونەوە ناوخۆییەکان لەدوای کۆتاییهاتنی ئۆپەراسیۆنە گەورەکانی ئیسرائیل لە ناوچەکەدا.
چەکدارانی دەمامکداری حەماس لەگەڵ چەکدارانی دیکەدا لە نزیک نەخۆشخانەی ئوردنی لە باشووری شاری غەززە تەقەیان لە یەکدی کرد.
شایەتحاڵان رایانگەیاند، یەکە ئەمنییەکان گەمارۆی میلیشیایەکی چەکداریان لەنێو شارەکەدا داوە و شەڕێکی قورسیان کردووە بۆ دەستگیرکردنی ئەندامەکانی. حەماس رایگەیاند، هەشت ئەندامی هێزە ئەمنییەکان کوژراون. حەماس هێزەکەی بە "میلیشیا" وەسفکرد.
سەرچاوە پزیشکییە ناوخۆییەکان رایانگەیاند، 19 ئەندامی عەشیرەتی دوغموش لەگەڵ هەشت چەکداری حەماسدا لەوەتەی شەڕەکە رۆژی شەممە دەستیپێکردووە، کوژراون.
شایەتحاڵان رایانگەیاند، پێکدادانەکان لە گەڕەکی تەل هەوا دەستیانپێکردووە، دوای ئەوەی هێزێکی حەماس کە لە زیاتر لە 300 چەکدار پێکهاتبوون، هەڵیانکوتایە سەر باڵەخانەیەکی نیشتەجێبوون کە چەکدارانی دوغموش تێیدا خۆیان حەشاردابوو.
دەیان خێزان لەژێر تەقەی قورسدا ماڵەکانیان جێهێشتووە، زۆریان چەندین جار لە کاتی شەڕەکەدا ئاوارە بوون. یەکێک لە دانیشتووان گوتی: "ئەم جارە خەڵک لە هێرشەکانی ئیسرائیل هەڵنەدەهاتن، بەڵکو لە خەڵکی خۆیان هەڵدەهاتن."
بنەماڵەی دوغموش، یەکێک لە دیارترین عەشیرەتەکانی غەززە، ماوەیەکی زۆرە پەیوەندییەکی گرژی لەگەڵ حەماسدا هەیە.
حەماس رایگەیاند، هێزەکانیان لە رێگەدان بۆ گەڕاندنەوەی ئارامی و هۆشداری کە "هەر چالاکییەکی چەکداری لە دەرەوەی چوارچێوەی بەرگریدا" بە تووندی مامەڵەی لەگەڵدا دەکرێت.
هەردوولا یەکدیان بە هۆکاری دەستپێکردنی پێکدادانەکان تۆمەتبار کرد.
حەماس رایگەیاند، چەکدارانی دوغموش دوو چەکداری ئەوانیان کوشتووە، بەڵام سەرچاوەیەک لە بنەماڵەکە رایگەیاند، هێزەکانی حەماس هەوڵیانداوە لەو باڵەخانەیە دەریان بکەن، کە پێشتر وەک نەخۆشخانەی ئوردنی بەکارهاتووە و بنەماڵەکە دوای وێرانبوونی ماڵەکانیان پەنایان بۆ بردبوو.