جموجووڵی فڕۆکە سەربازییەکانی ئەمریکا لە قەتەر زیاد دەکات
رووداو دیجیتاڵ
فڕۆکە جەنگییەکانی ئەمریکا جموجووڵەکانیان لە بنکەی ئاسمانیی عودەید لە قەتەر زیادکردووە، بنکەکە تەنیا 200 بۆ 300 کیلۆمەتر لە سنووری ئێرانەوە دوورە. ئەمەش لەکاتێکدایە، حکومەتی ئەمریکا هۆشداریی بەپەلەی بۆ هاووڵاتیانی بڵاوکردەوە و داوای لێکردن "دەستبەجێ" ئێران جێبهێڵن.
بەگوێرەی راپۆرتی میدیاکانی ئیسرائیل، شەوی یەکشەممە 11-01-2026 چەندین فڕۆکەی جەنگیی ئەمریکی، لەوانەش فڕۆکەی سووتەمەنیبەخشی (KC-135) و بۆمبهاوێژی ستراتیژیی (B-52) لە بنکەی ئاسمانیی عودەیدەوە فڕیون.
بنکەی ئاسمانیی عودەید بە دووریی نزیکەی 35 کیلۆمەتر لە باشووری رۆژئاوای دەوحەی پایتەختی قەتەر هەڵکەوتووە، زیاتر لە 10 هەزار سەربازی ئەمریکی تێدایە، بنکەکە یەکێکە لە گەورەترین بنکە سەربازییەکانی ئەمریکا لە ناوچەکە و خاوەنی فڕگەیەکە بە درێژایی چوار هەزار و 500 مەتر توانای لەخۆگرتنی فڕۆکەی گەورەی وەک B-52ـی هەیە.
کارۆلین لێڤیت، سکرتێری رۆژنامەوانیی کۆشکی سپی رۆژی دووشەممە رایگەیاند، "دیپلۆماسی هێشتا بژاردەی پەسندکراوی ئەمریکایە بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ ئێران، بەڵام ئیدارەی ترەمپ بژاردەی سەربازی بەدوور نازانێت ئەگەر پێویست بێت."
لیڤیت بە فۆکس نیوزی گوتووە، "سەرۆک ترەمپ هەمیشە دەڵێت دیپلۆماسی بژاردەی یەکەمە، بەڵام ئەو ناترسێت لە بەکارهێنانی هێزی کوشندە و توانای سوپای ئەمریکا ئەگەر پێویست بکات."
سکرتێری رۆژنامەوانیی کۆشکی سپی رەتیکردەوە وردەکاری بدات لەبارەی هەر بڕیارێکی چاوەڕوانکراو و گوتی، "سەرۆک ترەمپ تەنیا خۆی دەزانێت چی دەکات، بۆیە دەبێت جیهان چاوەڕێ بێت و پێشبینی بکات."
هەر رۆژی دووشەممە، وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە ئاگادارییەکی بەپەلەدا داوای لە هاووڵاتییانی کرد "دەستبەجێ" ئێران جێبهێڵن.
وەزارەتەکە داوای لە هاووڵاتییانی کردووە خۆیان پلان بۆ دەرچوون دابنێن و پشت بە هاوکاریی حکومەتی ئەمریکا نەبەستن. هەروەها داوا لەوانە کراوە ناتوانن دەربچن، لە شوێنی پارێزراو بمێننەوە و پێداویستیی رۆژانەی وەک ئاو، خۆراک و دەرمان کۆگە بکەن.