پەرلەمانتارێکی ئیسرائیل: پابەندین بە بەرگریکردن لە کورد و هیوادارین ببنە خاوەنی دەوڵەت
رووداو دیجیتاڵ
پەرلەمانتارێکی کنێستی ئیسرائیل رایدەگەیێنێت، کورد لە سووریا و بەتایبەتی لە حەلەب رووبەڕووی "هێرشی دڕندانە" بووەتەوە و دەڵێت: "ئێمە وەک ئیسرائیلی پابەندین بە بەرگریکردن لە مافەکانی کورد." هیواش دەخوازێت کورد ببێتە خاوەنی دەوڵەتی سەربەخۆ.
ئەکرەم حەسوون، پەرلەمانتاری ئیسرائیل لە دانیشتنی پەرلەمانی وڵاتەکەی (کنێست) گوتارێکی پێشکێش کرد و رایگەیاند، بەهۆی مەینەتییەکانی گەلی کوردەوە لە سووریا، بڕیاری داوە باس لەو "گەلە دێرینە" بکات کە بە گەورەترین گرووپی نەتەوەیی بێ دەوڵەت دادەنرێن لە جیهان دا.
حەسوون ئاماژەی بە هۆشدارییەکانی پێشووی خۆی کرد و گوتی: "سێ مانگ لەمەوبەر لە سەکۆی کنيسێتەوە رامگەیاند، دوای ئەوەی بەسەر عەلەوییەکان، ئێزدییەکان و درووزەکاندا هات لە سووریا، نۆرەی داهاتوو دێتە سەر کوردەکان، بەداخەوە ئەوەبوو سێ رۆژ لەمەوبەر روویدا."
سەبارەت بە دۆخی حەلەب، پەرلەمانتارەکەی ئیسرائیل گوتی: "هێرشێکی دڕندانە کرایە سەر گەڕەکەکانیان لە حەلەب، کە تێیدا رووبەڕووی سەربڕین، دەستدرێژی و کوشتنی دڕندانە بوونەوە بە منداڵەکانیشیانەوە."
قسەکانی ئەو پەرلەمانتارە دوای ئەوە دێت، رۆژی 6ـی ئەم مانگە هێزەکانی سوپای عەرەبیی سووریا بە 42 هەزار چەکدار و پاڵپشتی تانک و درۆن هێرشیان کردە سەر گەڕەکە کوردنشینەکانی حەلەب و بەهۆیەوە دەیان کەس کوژران و زیاتر لە 155 هەزار هاووڵاتی ئاوارە بوون.
ئەکرەم حەسوون هۆکاری پشتیوانیی ئیسرائیلی بۆ کورد گەڕاندەوە بۆ هەڵوێستی کورد لەدوای رووداوەکانی 7ـی ئۆکتۆبەر و گوتی: "ئەم گەلە لە حەوتی ئۆکتۆبەردا لە تەنیشتمان وەستا و پشتگیرییەکی نەگۆڕ و ئەرێنی پێشکەش بە دەوڵەتی ئیسرائیل کرد."
بەگوتەی حەسوون، کورد باوەڕیان بە ئیسرائیل هەیە و وەک هێزێکی گەورە دەیبینن کە دەتوانێت پارێزگاری لە کەمینەکان لە ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بکات.
پەرلەمانتارەکەی کنێست چەکدارانی ئۆپۆزیسیۆن و دەسەڵاتدارانی سووریای بە "داعش" چوواند و رایگەیاند: "ئەمانە نە خودا و نە بەزەیی لە دڵیاندا نییە و دەبێت لەنێو ببرێن."
ئەکرەم حەسوون هیوای خواست کورد "لە دامەزراندنی دەوڵەتی سەربەخۆی خۆیاندا سەرکەوتوو بن."