سێنتکۆم: گواستنەوەی زیندانیانی داعش لە سووریاوە بۆ عێراق کۆتایی هات
رووداو دیجیتاڵ
فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا (سێنتکۆم) رایگەیاند، ئۆپەراسیۆنێکی 23 رۆژەیان بۆ گواستنەوەی دەستگیرکراوانی داعش لە سووریاوە بۆ ناو خاکی عێراق بە سەرکەوتوویی کۆتایی پێهێناوە و تێیدا زیاتر لە پێنج هەزار و 700 چەکدار رادەستی لایەنی عێراقی کراون.
رۆژی هەینی، 13ـی شوباتی 2026، فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا لە راگەیێندراوێکدا ئاماژەی بەوە کرد، پرۆسەی گواستنەوەی دەستگیرکراوەکان لە 21ی کانوونی دووەمەوە دەستیپێکردبوو و دوایین قۆناخی ئۆپەراسیۆنەکە شەوی 12ی شوبات لە رێگەی گەشتێکی ئاسمانییەوە لە رۆژئاوای کوردستانەوە بۆ عێراق کراوە.
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، "زیاتر لە 5 هەزار و 700 چەکداری داعش لە گرتووخانەکانی سووریاوە بۆ ناوەندەکانی دەستبەسەرکردن لە عێراق گواستراونەتەوە، ئەمەش بە مەبەستی زامنکردنی مانەوەیان لەژێر چاودێرییەکی تووند و پاراستنی ئاسایشی ناوچەکە."
ئەدمیرال براد کووپەر، فەرماندەی سێنتکۆم وێڕای دەستخۆشی لە هێزە بەشداربووەکان، رایگەیاند: "ئێمە سوپاسی سەرکردایەتی و هەڵوێستی عێراق دەکەین کە تێگەیشتنیان هەبوو بۆ ئەوەی گواستنەوەی ئەم دەستگیرکراوانە کارێکی بنەڕەتییە بۆ پاراستنی ئاسایشی ناوچەکە."
مەیجەر جەنەڕاڵ کیڤن لامبەرت، فەرماندەی هێزی هاوبەشی ئۆپەراسیۆنی (CJTF-OIR)یش رایگەیاند، "ئەم ئۆپەراسیۆنە رێکخراوە یارمەتیدەر دەبێت بۆ رێگری لە هەر هەوڵێکی داعش بۆ سەرهەڵدانەوە لە سووریا."
هەر ئەمڕۆ هەینی، ئەحمەد لعێبی، گوتەبێژی وەزارەتی دادی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، لەو چەکدارانەی کە گواستراونەتەوە بۆ عێراق 270 کەسییان عێراقین و سێ هەزارییان سووریایین.
لە دوای رووداوەکانی مانگی رابردووی رۆژئاوای کوردستان و سووریا، ئەو داعشانە لە زیندانەکانی ژێر دەسەڵاتی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) دەست بە گواستنەوەیان کرا.
ئەحمەد لعێبی راشیگەیاند، سەرجەم ئەو داعشانە لە یەک زینداندان و بەگوێرەی یاسا لێکۆڵینەوەیان لەگەڵ دەکرێت بۆ ئەوەی دادگایی بکرێن، دابینکردنی خواردنیش بۆیان لەلایەن هێزەکانی هاوپەیمانیی دژی داعشە.
لە 2ـی شوباتەوە دادگا تایبەتمەندەکانی عێراق دەستیان بە لێکۆڵینەوە لەگەڵ ئەو چەکدارانەی داعش کردووە، بە مەبەستی دادگاییکردنیان.