لاریجانی بۆ هێگسەس: سەرکردەکانمان لەنێو خەڵکدان، بەڵام سەرکردەکانی ئێوە لە دوورگەی ئێپستینن

رووداو دیجیتاڵ

عەلی لاریجانی، سکرتێری ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانیی ئێران وەڵامی پیت هێگسەس، وەزیری جەنگی ئەمریکای دایەوە کە گوتبووی سەرکردەکانی ئێران "وەک مشک خۆیان حەشارداوە". 
 
لە پۆستێکی تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس، لاریجانی وێنەی مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئێران و چەند بەرپرسێکی دیکەی باڵای وڵاتەکەی بڵاو کردەوە کە لە نێوەڕاستی جەنگدا و بێ هیچ پاسەوانێک لە رێپێوانی رۆژی قودسدا لەنێو خەڵکدا دەڕۆن.
 
هاوپێچ لەگەڵ وێنەکان، لاریجانی نووسیویەتی: "بەڕێز هێگسەس! سەرکردەکانی ئێمە لەنێو خەڵکدا بوون و هێشتاش لەنێو خەڵکدان. بەڵام سەرکردەکانی ئێوە؟ لە دوورگەی ئێپستینن." ئەمە وەکو ئاماژەیەک بۆ ئەو دوورگەیەی کە پەیوەندی بە ئابڕووچوونە سێکسییەکانی جێفری ئێپستینەوە هەیە و چەندین کەسایەتیی ئەمریکی تۆمەتبارن بەوەی سەردانیان کردبوو و تاوانی دەستدرێژی سێکسییان دژی کچانی خوار تەمەنی یاسایی دەدرێتە پاڵ. 
 
رۆژی هەینی هێگسەس لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانی دا باسی لەوە کرد کە دۆخی سەرکردایەتیی ئێران باش نییە و گوتی: "بێهیوا بوون و خۆیان حەشارداوە، چوونەتە ژێرزەوی و ترساون. ئەوە کاری مشکەکانە."
 
رۆژی هەینی، لە 14یەمین رۆژی بەردەوامیی هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر ئێران، هەزاران کەس لە تاران بەشدارییان لە رێپێوانی ساڵانەی رۆژی قودس کرد بۆ دەربڕینی هاوسۆزی بۆ فەڵەستین. لە رێپێوانەکەدا پزیشکیان، شانبەشانی لاریجانی و عێراقچی لەنێو خۆپێشاندەراندا بینران.
 
سەرەڕای مەترسیی هێرشە ئاسمانییەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل، بەرپرسانی ئێران بەشدارییان لە رێپێوانەکەدا کرد، ئەگەرچی ئەو هێرشانە لە 28ی شوباتەوە دەیان بەرپرسی باڵای ئێرانیان کوشتووە، لەنێویاندا عەلی خامنەیی، رێبەری باڵای پێشووی وڵاتەکە.
 
لە دیمەنەکاندا دەردەکەوێت کە سەرۆککۆماری ئێران بێ پاسەوانی بەنێو قەرەباڵخییەکەدا دەڕوات، قسە لەگەڵ خەڵک دەکات و بۆ گرتنی وێنەی سێڵفی لەگەڵ بەشداربووان دەگرێ.