وەزارەتی بەرگریی سعودیە: 28 درۆنی دیکەمان تێکشکاند
رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی بەرگریی سعودیە رایگەیاند، بەرەبەیانیی ئەمڕۆ هەینی، هێزە بەرگرییەکانیان 28 درۆنیان لە ئاسمانی وڵاتەکەدا تێکشکاندووە. ئەمەش دوای ئەوە دێت کە رۆژی پێنجشەممە چەندین مووشەک و درۆنی دیکە ئاراستەی ناوچە جیاوازەکانی ئەو وڵاتە کرابوون.
بەرەبەیانی ئەمڕۆ هەینی، 13ـی ئاداری 2026، لیوا روکن تورکی مالیکی، گوتەبێژی وەزارەتی بەرگریی سعودیە رایگەیاند، دوای ئەوەی 28 درۆن ئاسمانی وڵاتیان بەزاند، لەلایەن هێزە بەرگرییەکانەوە رێگرییان لێکرا و تێکشکێندران.
پێشتریش وەزارەتی بەرگریی سعودیە رۆژی پێنجشەممە ئاشکرای کردبوو، دوو مووشەکی بالیستییان تێکشکاندووە کە ئاراستەی ناوچەی رۆژهەڵات و بنکەی ئاسمانیی شازادە سوڵتان لە پارێزگای خەرج کرابوون.
سەبارەت بە هێرشەکانی رۆژی پێنجشەممە، تورکی مالیکی ئاماژەی بەوە کردبوو، 33 درۆن لە ناوچەی رۆژهەڵات و 17 درۆنی دیکە لە ناوچەی "روبع خالی" تێکشکێندراون کە ئاراستەی کێڵگەی نەوتی "شەیبە" کرابوون، هەروەها درۆنێکی دیکەش لە کاتی نزیکبوونەوەی لە گەڕەکی باڵیۆزخانەکان لە ریاز خراوەتە خوارەوە.
بەڕێوەبەرایەتیی بەرگریی شارستانیی سعودیە، ئێوارەی پێنجشەممە، 12ـی ئاداری2026 لە رێگەی "سەکۆی نیشتمانیی بۆ ئاگادارکردنەوەی پێشوەختە لە کاتی نائاساییدا"، زەنگی ئاگادارکردنەوەی لە پارێزگای خەرج لێدا.
لە دوای کوژرانی رێبەری ئێران لە هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل لە کۆتایی مانگی رابردوودا، تاران دەستی کردووە بە زنجیرەیەک هێرشی تۆڵەسەندنەوە و بە ئامانجگرتنی کەرتی وزەی وڵاتانی کەنداو.