تەنگەی هورمز؛ لە دوو هەفتەدا لانیکەم 16 کەشتی هێرشیان کراوەتەسەر

رووداو دیجیتاڵ

شیکارییەکی رۆژنامەی نیویۆرک تایمز پێشانی دەدات، لەوەتەی جەنگی ئەمریکا و ئیسرائیل دژی ئێران لە دوو هەفتە لەمەوبەرەوە دەستیپێکردووە، لانیکەم 16 تانکەری نەوت، کەشتیی بارهەڵگر و کەشتیی بازرگانیی دیکە لە کەنداو هێرشیان کراوەتە سەر.
 
ئێران بەرپرسیارێتیی چەند هێرشێکی گرتووەتە ئەستۆ. رۆژی پێنجشەممە12-3-2026، دوو  کەشتیی سووتەمەنی کە یەکێکیان هەڵگری ئاڵای دوورگەکانی مارشاڵ و ئەوی دیکە ماڵتایی بوو، لە ئاوەکانی کەنداو گڕیان گرت، جگە لە سووتانی کەشتییەکی نەوت لە بەسرە. ئەمانە نوێترین نموونەکانی فراوانبوونی جەنگەکە و  چڕبوونەی زیاتری هێرشەکانە بۆ سەر ژێرخانی نەوت و وزە.
 
سوپای ئیسرائیل چەند کۆگایەکی سووتەمەنی و دامەزراوەیەکی وزەی ئێرانی پێکاوە، ئێرانیش هێرشی کردووەتە سەر دامەزراوەکانی بەرهەمهێنان و کۆگەکردنی نەوت لە سەرتاسەری کەنداو، هەروەها هەڕەشەی لە هاتوچۆی کەشتیوانی کردووە لە تەنگەی هورمز، کە رێڕۆ تەسکەکەی نێوان کەنداو و هەموو جیهانە. ئەو تەنگەیە بە شێوەیەکی ئاسایی پێنج یەکی نەوتی جیهانی پێدا تێپەڕ دەبێت.
 
رۆژی چوارشەممە 11-03-2026 سێ کەشتی لە ناو یان لە نزیک تەنگەکە کرانە ئامانج، چەند کاژێرێک دواتر، دوو تانکەری عێراقی لە کەناراوەکانی ئەو وڵاتە گڕیان گرت. دوای هێرشەکان، عێراق و عومان تێرمیناڵەکانی نەوتیان داخست.
 
بەپێی ئاماری رێکخراوی نێودەوڵەتیی دەریاوانی، بەهۆی هێرشکردنە سەر ئەم کەشتییانە لانیکەم 8 کەس کوژراون و یەکێکی دیکەش بێسەروشوێنە، کەشتییەکان یەکێکیان بەلەمی راکێشان بووە کە بۆ یارمەتیدانی یەکێک لە کەشتییە بارهەڵگرە پێکراوەکان چووبوو ئەو ناوچەیە
پێش جەنگ.
 
بەپێی شیکارییەکی نیویۆرک تایمز بۆ چالاکییە کەشتیوانییەکان کە لە کۆمپانیای (Kpler)ی داتاکانی پیشەسازییەوە وەریگرتووە، بە شێوەیەکی ئاسایی رۆژانە نزیکەی 80 تانکەری نەوت و گاز بە ناو گەرووەکەدا تێدەپەڕین. رۆژانە نزیکەی 20 ملیۆن بەرمیل نەوت لەوێوە دەگوازرایەوە، کە وزەی زۆربەی جیهانی دابین دەکرد.
 
ئێستا، رۆژانە بە زەحمەت یەک یان دوو کەشتی دەتوانن تێپەڕ بن.
 
ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزە رۆژی پێنجشەممە 12-3-2026 هۆشدارییدا ئەم جەنگە بووەتە هۆی "گەورەترین پچڕانی دابینکردنی نەوت لە مێژووی بازاڕی جیهانیی نەوتدا."
 
ئەو وڵاتانەی خاوەن ئابوورییەکی گەورەن، لەوانەش ئەمریکا، بەڵێنیانداوە یەدەگی نائاسایی نەوت بەکاربهێنن بۆ قەرەبووکردنەوەی ئەو کورتهێنانە. بەڵام تا ژمارەی هێرشەکان زیاد بکات، نیگەرانییەکانیش زیاتر دەبن.
 
نرخی نەوت لە بازاڕە نێودەوڵەتییەکاندا بە شێوەیەکی خێرا بەرزبووەتەوە و لەوەتەی جەنگ دەستیپێکردووە نزیکەی 40٪ زیادی کردووە. شارەزایانی ئابووری هۆشداری دەدەن ململانێیەکی درێژخایەن دەکرێت کاریگەریی فراوانی لەسەر ئابووریی جیهان هەبێت و هەڕەشە لە وزە، خۆراک و پێداویستییە پیشەسازییەکانی ئەو وڵاتانەش بکات کە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستەوە دوورن و ببێتە هۆی بەرزبوونەوەی هەڵئاوسان.
 
لانیکەم 16 کەشتی لە دوو هەفتەدا هێرشیان کراوەتە سەر 
 
 لەماوەی دوو هەفتەی جەنگەکەدا، زۆربەی رۆژەکان هێرش هەبووە بۆ سەر کەشتییەکان، بەجۆرێک رۆژی 1ـی ئادار هێرشکرایە سەر چوار کەشتی لە گەرووی هورمز بە ناوەکانی ' سکایلایت، MKD VYOM ، Hercules Star و Ocean Electra، هەروەها  رۆژی دواتر هێرشکرایە سەر کەشتی Stena Imperativ، رۆژی چواری ئاداریش هێرشکرایە سەر کەشتی Gold Oak.
 
رۆژی 5ـی مانگ دوو هێرشی دیکە کرایە سەر کەشتیییەکان یەکێکیان کەشتی  Sonangol Namibe  بوو، دوو رۆژ دۆخەکە هێوربووەوە، بەڵام رۆژی 8ـی مانگ هێرشکرایە سەر کەشتی  Louis P
هەروەها رۆژی 10ـی 3 هێرشکرایە سەر دوو کەشتی دیکە لە باکووری تەنگەی هورمز، رۆژی 11-3-2026ی هێرشکرایە سەر کەشتی Star Gwyneth و سێ کەشتی دیکە .
 
بە کۆی گشتی لەماوەی دوو هەفتەدا لانیکەم 16 کەشتی هێرشیان کراوەتە سەر.
 
جۆری ئەو کەشتییانەی هێرشیان کراوەتە سەر 
 
 لەماوەی دوو هەفتەدا 10 کەشتی نەوتی هێرشیان کراوەتە سەر، 4 کەشتی لە 28ـی مانگ، کەشتییەک لە 2ـی ئادار، دوو کەشتی دیکە لە چوار و پێنجی ئەو مانگە، هەروەها کەشتییەک رۆژی 7ـی مانگ و دوو کەشتی دیکەش لە 12ـی ئادار.
 
جگە لە کەشتییە نەوتییەکان، سێ کەشتیی کۆنتەینەر لە 4 و 11 و 12ـی ئەو مانگە هێرشیان کراوەتە سەر، هەروەها سێ کەشتی دیکەی هەڵگری کاڵای جیاواز لە 4 و 11ـی مانگ هێرشیان کراوەتە سەر.