نەتەنیاهوو: ئەمریکا بەهۆی پێشێلکارییەکانی ئێرانەوە دانوستاندنەکانی هەڵوەشاندەوە
رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل دەڵێت، بەهۆی "پێشێلکارییەکانی تاران و جێبەجێنەکردنی مەرجەکانی ئاگربەست،" ئەمریکا دانوستاندنەکانی لەگەڵ ئێران هەڵوەشاندووەتەوە و ئامانجی سەرەکیی واشنتن نەهێشتنی تەواوەتیی پرۆسەی پیتاندنە لەو وڵاتەدا.
رۆژی دووشەممە، 13ـی نیسانی 2026، بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل لە کۆبوونەوەی کابینەی حکومەتەکەیدا وردەکاریەکی نوێی دانوستاندنەکانی ئەمریکا و ئێرانی ئاشکرا کرد و رایگەیاند، جەی دی ڤانس، جێگری سەرۆکی ئەمریکا لەکاتی گەڕانەوەی لە ئیسلامئاباد لە نێو فڕۆکەکەدا پەیوەندیی پێوە کردووە.
نەتەنیاهوو دەڵێت، جێگرەکەی دۆناڵد ترەمپ بە وردی زانیاریی پێداوە، وەک چۆن ئیدارەی ئەمریکا هەموو رۆژێک زانیاری پێدەدات، لەبارەی بەرەوپێشچوونی دانوستاندنەکان.
سەبارەت بە هۆکاری شکستهێنانی گفتوگۆکان، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل روونیکردەوە کە لایەنی ئەمریکی کۆتایی بە دانوستاندنەکان هێناوە، "چونکە نەیانتوانیوە بەرگەی پێشێلکارییە زەقەکانی ئێران بگرن بەرامبەر بە رێککەوتنی چوونە ناو دانوستانەکان." نەتەنیاهوو دەڵێت: "رێککەوتنەکە وابوو کە ئاگربەست بکەن و ئێرانییەکان دەستبەجێ تەنگەی هورمز بکەنەوە، بەڵام ئەوان ئەوەیان نەکرد. ئەمریکییەکان نەیانتوانی ئەوە قبووڵ بکەن."
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، نەتەنیاهوو جەختی لەوە کردەوە کە جێگری سەرۆکی ئەمریکا دڵنیایی پێداوە لەسەر پرسی ئەتۆمیی ئێران.
بەگوتەی نەتانیاهوو، جەی دی ڤانس گوتوویەتی پرسی سەرەکی لە کارنامەی ترەمپ و ئەمریکا گواستنەوە و نەهێشتنی هەموو مادە (یۆرانیۆمە) پیتێندراوەکەیە و دڵنیابوونەوە لەوەی کە لە ساڵانی داهاتوودا هیچ پیتاندنێک ئەنجام نەدرێت، کە دەکرێت بۆ چەندین دەیەی داهاتوو بێت؛ واتە هیچ پیتاندنێک لە ناوخۆی ئێراندا نەبێت.
دانوستاندنەکانی ئەمریکا و ئێران رۆژی 11ـی نیسانی 2026، بەنێوەندگیری پاکستان لە ئیسلامئاباد بەڕێوەچوو، دوای 21 کاژێر جەی دی ڤانس لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند، لەگەڵ ئێران نەگەیشتوونەتە رێککەوتن.
لەبەرامبەردا محەممەد باقر قالیباف، سەرۆکی شاندی دانوستاندکاری ئێران گوتی، ئەمریکا نەیتوانیوە متمانەی شاندی ئێران بەدەستبهێنێت.
دواتریش دۆناڵد ترەمپ لە پۆستێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ترووس سۆشیاڵ رایگەیاند، ئابڵووقە دەخەنە سەر سەرجەم بەندەرەکانی ئێران و ئابڵووقەکە لە کاژێر 10 بەکاتی واشنتن (کاژێر 05:00ـی ئێوارە بەکاتی هەولێر) دەستپێدەکات.