سەرۆکوەزیرانی لوبنان: ئامادەین راستەوخۆ دانوستاندن لەگەڵ ئیسرائیل بکەین
رووداو دیجیتاڵ
جۆزێف عەون، سەرۆکی کۆماری لوبنان رایدەگەیەنێت، وڵاتەکەی چاوەڕوانی کۆبوونەوەی سبەی واشنتن دەکات بۆ گەیشتن بە ئاگربەست لەگەڵ ئیسرائیل؛ دەشڵێت، تەنیا دەوڵەتی لوبنان بڕیار لەسەر دانوستاندنەکان دەدات و هیچ لایەنێکی دیکە هاوبەشیان نییە.
رۆژی دووشەممە، 13ی نیسانی 2026، لە کۆبوونەوەیەکدا لەگەڵ ئەنتۆنیۆ تاجانی، وەزیری دەرەوەی ئیتاڵیا، جۆزێف عەون رایگەیاند، لوبنان هیوا دەخوازێت لە کۆبوونەوەی سبەینێی واشنتن لە نێوان باڵیۆزانی لوبنان، ئەمریکا و ئیسرائیل، رێککەوتن لەسەر ئاگربەست بکرێت، بە ئامانجی دەستپێکردنی دانوستاندنی راستەوخۆ.
سەرۆکی کۆماری لوبنان رەخنەی لە ستراتیژی سەربازیی ئیسرائیل گرت و گوتی: "کاولکردنی ناوچەکانی لوبنان چارەسەر نییە. ئیسرائیل دەبێت وەڵامی داوا نێودەوڵەتییەکان بداتەوە، چونکە جەنگە یەک لە دوای یەکەکانی لە ساڵی 1982وە تاوەکو ئەمڕۆ نەیانتوانیوە ئەو ئامانجانە بپێکن کە ئیسرائیل دەیویست."
جۆزێف عەون چەند خاڵێکی سەرەکیی بۆ قۆناخی داهاتوو خستەڕوو:
سەروەریی لوبنان: دانوستاندن لەگەڵ ئیسرائیل تەنیا لە دەسەڵاتی دەوڵەتی لوبناندایە و هیچ لایەنێکی دیکە بۆی نییە دەستوەردان بکات.
ئاسایشی سنوورەکان: لوبنان زنجیرەیەک رێکاری ئەمنی تووندی لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی رەفیق حەریری و دەروازەی دەریایی و وشکانییەکان گرتووەتەبەر بۆ رێگری لە قاچاخچێتی چەک و پارەی نایاسایی.
دانوستاندنی راستەوخۆ: لوبنان پێشوازی لە داواکاریی ئیتاڵیا دەکات بۆ میوانداریکردنی دانوستاندنە راستەوخۆکانی نێوان بەیرووت و تەلئەڤیڤ.
جۆزێف عەون سوپاسی پشتیوانییەکانی ئیتاڵیای کرد بۆ سوپای لوبنان و هێزەکانی یونێفێل لە باشوور، هاوکات سەرکۆنەی ئەو هێرشانەی کرد کە ناوبەناو لەلایەن ئیسرائیلەوە دەکرێنە سەر هێزەکانی پاراستنی ئاشتی و دەبنە هۆی گیانلەدەستدانی سەربازانی نێودەوڵەتی.
رۆژی 2ی ئادار، لە تۆڵەی کوژرانی عەلی خامنەیی، رێبەری ئێران لە هێرشێکی ئیسرائیل و ئەمریکادا، حیزبوڵڵای لوبنان هێرشیکردە سەر ئیسرائیل و ژمارەیەک مووشەکی ئاڕاستەکرد. دواتر ئەویش بە هێرشی زەوینی و بۆردوومان وەڵامیدایەوە.
بەهۆی هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر لوبنان تائێستا زیاتر لە 1200 کەس لە لوبنان کوژراون و زیاتر لە 1.2 ملیۆن کەسیش ئاوارە بوون.
هەروەها لە ئەنجامی بۆردوومانەکانی حیزبوڵڵا بۆ سەر باکووری ئیسرائیل نزیکەی 4000 کەس لە ئیسرائیل ئاوارە بوونە.