نەعیم قاسم: دانوستاندن لەگەڵ ئیسرائیل خۆبەدەستەوەدانە

رووداو دیجیتاڵ
 
ئەمینداری گشتیی حیزبوڵڵای لوبنان رایگەیاند، پڕۆسەی دانوستاندن لەگەڵ ئیسرائیل تەنیا بۆ "خۆبەدەستەوەدان" و چەککردنی حیزبوڵڵایە و مەرجەکان رەتدەکەنەوە. دەشڵێت: "ئێمە تەسلیم نابین و رێگە دەدەین مەیدانی جەنگ قسە بکات.."
 
ئێوارەی ئەمڕۆ دووشەممە، 13-04-2026، نەعیم قاسم، ئەمینداری گشتیی حیزبوڵڵای لوبنان لە گوتارێکی تەلەڤیزیۆنیدا هەڵوێستی تووندی پارتەکەی بەرامبەر هەوڵە دیپلۆماسییەکان و بەردەوامیی شەڕ راگەیاند.
 
نەعیم قاسم رەخنەی لە ناونیشانی دانوستاندنەکان گرت و گوتی: "باڵیۆزی ئیسرائیل و نەتەنیاهوو بە روونی دەڵێن ئەم دانوستاندنە بۆ چەککردنی حیزبوڵڵا و ئاشتییە لەگەڵ ئیسرائیل. چۆن دەچنە نێو دانوستاندنێک کە پێشوەختە ئامانجەکەی روونە؟ ئەوەی پێشکێش دەکرێت ئاگربەست نییە، بەڵکو تەنیا خۆرادەستکردن، ملکەچبوون و داماڵینی هێزی لوبنانە."
 
ئەمینداری گشتیی حیزبوڵڵا ئاماژەی بەوە کرد، لوبنان 15 مانگە بەرگەی هێرشەکان دەگرێت و ئیسرائیل هیچ بڕگەیەکی ئاگربەستی جێبەجێ نەکردووە. گوتیشی ئامانجی تەلئەڤیڤ تەنیا ئاسایشی باکوور نییە، بەڵکو دەیەوێت "پڕۆژەی ئیسرائیلی گەورە" بچەسپێنێت.
 
 
لە پەیامێکدا بۆ دەسەڵاتدارانی لوبنان، نەعیم قاسم داوای کرد "هەڵوێستێکی مێژوویی و قارەمانانە" بنوێنن بۆ هەڵوەشاندنەوەی ئەو دیدارانە و خۆیان لە بەرەی بەرگری دانەبڕن. هۆشداریشی دا کە مادام دەسەڵات خەریکی سازش بێت، هێرشەکانی ئیسرائیل بە پاڵپشتیی ئەمریکا بەردەوام دەبن.
 
نەعیم قاسم سووربوونی خۆی لەسەر بەردەوامیی شەڕ دووپاتکردەوە و گوتی: "ئێمە تەسلیم نابین و لە مەیدانەکەدا دەمێنینەوە؛ هەر کەسێکیش دەیەوێت تەسلیم بێت، با بە تەنیا بڕوات. ئێمە رێگە دەدەین مەیدانی جەنگ قسە بکات و جەنگاوەرانمان تاوەکو دوایین هەناسە رووبەڕوو دەبنەوە."
 
بڕیارە رۆژی سێشەممە بە نێوەندگیرى ئەمریکا، باڵیۆزانی ئیسرائیل و لوبنان لە واشنتن کۆببنەوە.