لە لیبیا شەڕ دروستبوو و سەرکردەیەکی گرووپە چەکدارەکانیش کوژرا


رووداو دیجیتاڵ 

 

شەوی رابردوو لە تەرابلوس شەڕ لەنێوان گرووپە چەکدارەکان روویدا و بەهۆیەوە بەرپرسی هێزی پاڵپشتیکاری سەقامگیری کوژرا، کە هێزێکی سەر بەو حکومەتەی لیبیایە لەلایەن نەتەوە یەکگرتووەکانەوە دانی پێدانراوە. 
 
شەڕەکە لەنێوان گرووپە چەکدارەکانی تەرابڵوس و گرووپەکانی شاری میسراتە بوو کە بە دووری 200 کیلۆمەتر کەوتووەتە رۆژهەڵاتی تەرابلوس. 
 
دوو لایەنی سەرەکی لەو وڵاتە هەن ئەوانیش حکومەتی تەرابولسە کە لەلایەن نەتەوە یەکگرتووەکانەوە دانیپێداندراوە و ئەوەی دیکەش ئیدارەی رۆژهەڵاتە کە لەلایەن خەلیفە بیلقاسم حەفتەر، فەرماندەی سوپای نیشتمانی لیبیا سەرۆکایەتی دەکرێت و رووسیا پاڵپشتی دەکات. 
 
بەگوێرەی میدیای لیبیا، لەو شەڕەدا عەبدولغەنی کیکلی، فەرماندەی دەزگای پاڵپشتیکردنی سەقامگیری کوژرا، کە دەزگایەکی سەر بە حکومەتی لیبیایە. 
 
تائێستا حکومەتی لیبیا ئاماری کوژراوانی شەڕەکەی رانەگەیاندووە، بەڵام وەزارەتی ناوخۆی لیبیا داوای لە "هەموو هاووڵاتییان کرد لە ماڵەکانیان بمێننەوە بۆ سەلامەتی خۆیان". 
 
بەهۆی شەڕەکەی دوێنێ شەوەوە بەرپرسانی تەرابلوس و ژمارەیەک ناوچەی دەوروبەری پایتەخت بڕیاری داخستنی قوتابخانەکانیان بۆ رۆژی سێشەممە داوە. نوێنەرایەتی نەتەوە یەکگرتووەکانیش لەو وڵاتە داوای سەقامگیری و دانبەخۆداگرتنی لایەنەکان دەکات. 
 
ساڵی 2011، خۆپێشاندانی لبیبیەکان دژی حکومەتی وڵاتەکەیان دەستیپێکرد و پاشان خۆپێشاندانەکە بووە شەڕی ناوخۆ. دوایین پێکدادانی سەختیش لەو وڵاتە ئابی 2023 بوو کە تێیدا لە تەرابلوس 55 کەس کوژران.