ترەمپ تاوەر لە دیمەشق دروست دەکرێت؟

رووداو دیجیتاڵ
 
چالاکڤانێکی ئەمریکی کە بە لایەنگری دۆناڵد ترەمپ هەژمار دەکرێت رایدەگەیێنێت، ئەحمەد شەرع ویستی هەیە، رێککەوتنێکی بازرگانی لەگەڵ ترەمپ بکات و تاوەری ترەمپ لە دیمەشق دروست بکرێت.
 
جۆناسان باس، کە چالاکڤانێکی ئەمریکییە و بە پاڵپشتیکارێکی ترەمپ هەژمار دەکرێت، لە 30ـی نیسانی ئەمساڵ، لە دیمەشق بۆ ماوەی چوار کاژێر لەگەڵ ئەحمەد شەرع، سەرۆکی کاتیی سووریا کۆبووەوە. 
 
ئەو چالاکڤانە بە ئاژانسی هەواڵیی رۆیتەرزی راگەیاندووە، ئەحمەد شەرع دەیەوێت لەکاتی سەردانی ترەمپ بۆ رۆژهەڵاتی نێوەڕاست لەگەڵی کۆببێتەوە. 
 
سەرۆکی کاتیی سووریا کە پێشتر بە ئەبوو محەممەد جۆلانی خۆی ناساندبوو، بەهۆی پەیوەندییەکانی رابردووی لەگەڵ رێکخراوی قاعیدە، خراوەتە لیستی تیرۆری ئەمریکاوە.
 
جۆناسان باس دەڵێت، شەرع هەوڵی "رێککەوتنێکی بازرگانی بۆ داهاتووی وڵاتەکەی" دەدات، کە پەرەپێدانی وزە، پەیوەندی لەگەڵ ئیسرائیل و هاوئاهەنگی بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئێران لەخۆدەگرێت.
 
چالاکڤانە ئەمریکییەکە دەشڵێت، "ئەو [ئەحمەد شەرع] پێی راگەیاندم کە تاوەرێکی ترەمپی لە دیمەشق دەوێت. ئەو ئاشتی لەگەڵ دراوسێکانی دەوێت. ئەوەی ئەو پێی گوتم بۆ ناوچەکە و ئیسرائیل باشە."
 
هاوکات، سەرچاوەیەک بە رۆریتەرزی راگەیاندووە، لەکاتی سەردانەکەی ترەمپ بۆ رۆژهەڵاتی نێوەڕاست، کۆبوونەوەیەک لەنێوان شاندێکی باڵای ئەمریکی و شاندێکی سووریایی رێکخراوە.
 
ترەمپ پێش ئەوەی گەشتەکەی بۆ رۆژهەڵاتی نێوەڕاست دەستپێبکات لەبارەی سزاکانی سەر سووریا قسەی بۆ رۆژنامەڤانان کرد و گوتی، "دەبێت بڕیارێک لەبارەی سزاکان بدەین، کە دەکرێت زۆر بە باشی سووکیان بکەین."
 
هەروەها سەرۆکی ئەمریکا گوتیشی، "دەتوانین سزاکان لەسەر سوریا لابدەین، چونکە دەمانەوێت دەستپێکی نوێیان پێبدەین."
 
راپۆرتەکان ئاماژە بەوە دەکەن، شەرع دەیەوێت واشنتن دڵنیا بکاتەوە، کە سووریا هیچ مەترسییەک بۆ سەر ئیسرائیل دروست ناکات.
 
لەو کاتەوەی شەڕی نێوخۆی سووریا لە ساڵی 2011 دەستیپێکردووە، ئیسرائیل سەتان هێرشی ئاسمانی کردووەتە سەر سووریا، لە دوای رووخانی دەسەڵاتی بەشار ئەسەدیش لە کۆتایی ساڵی رابردوو، هێرشەکانی فراوانتر کردووە.
 
هەفتەی رابردوو، شەرع پشتڕاستی کردەوە کە گفتوگۆی ناڕاستەوخۆ لەگەڵ ئیسرائیل لە رێگەی نێوەندگیرەوە بەڕێوەدەچێت.
 
هەروەها شەرع ئاماژەی بەوەشکرد، ئامانج لە گفتوگۆکان "هێورکردنەوەی دۆخەکە" و رێگری لە زیادبوونی گرژییەکانە.
 
جۆناسان باس لەبارەی هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر سووریا دەڵێت، "شەرع چڵە زەیتوونی بۆ ئیسرائیلییەکان نارد. ئیسرائیل مووشەکی نارد. پێویستە ترەمپ یارمەتیدەر بێت بۆ چارەسەرکردنی ئەم پەیوەندییە."