ترەمپ بڕیاری دا سزاکانی سەر سووریا هەڵبگرێت
رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی ئەمریکا بڕیاری دا سزاکانی سەر سووریا هەڵبگرێت و بڕیارە سبەی چوارشەممەش چاوی بە ئەحمەد شەرع بکەوێت. نەتەوە یەکگرتووەکانیش پێشوازی لە بڕیارەکەی ترەمپ بۆ هەڵگرتنی سزاکانی سەر سووریا دەکات.
ئێوارەی ئەمڕۆ سێشەممە 13-05-2025 دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە گوتەیەکدا لە سعودیە لەبارەی سیاسەتی ئیدارەکەی بۆ رۆژهەڵاتی نێوەڕاست قسەی کرد، بەشێکی گوتارەکەی تایبەت کرد بە دۆخی سووریا.
سەرۆکی ئەمریکا گوتی، خەڵکی سووریا لە چەندین ساڵی رابردوودا مەینەتیی زۆری چەشتووە، بەڵام "ئێستا حکومەتێکی نوێ هەیە کە ئومێدەوارین سەرکەوتن بەدەستبهێنێت لە سەقامگیرکردنی وڵاتەکە و پاراستنی ئاشتییەکەی."
شەڕی نێوخۆی سووریا لە ساڵی 2011 دەستیپێکرد، بەڵام لە 08-12-2024 دەستەی تەحریری شام بە سەرۆکایەتیی ئەحمەد شەرع، کە ئەو کات بە ئەبو محەممەد جۆلانی ناسرابوو، لەگەڵ گرووپە چەکدارە نزیکەکانی، کۆتاییان بە دەسەڵاتی بەشار ئەسەد هێنا. ئەوەش دوای ئەوەی لە ئەنجامی شەڕی نێوخۆی سووریادا سەتان هەزار کەس کوژران و ملیۆنان کەسی دیکە ئاوارە و کۆچبەر بوون.
ترەمپ هەروەها گوتی، بە لەبەرچاوگرتنی ئەو دۆخەی هەیە، "ئیدارەکەم یەکەمین هەنگاوەکانی ناوە بە ئاراستەی ئاساییکردنەوەی پەیوەندی لەنێوان ویلایەتە یەکگرتووەکان و سووریا، بۆ یەکەمجار لە ماوەی دەیەیەکدا. بە خۆشحاڵییەوە رایدەگەیێنم کە مارکۆ رۆبیۆ، وەزیری دەرەوە لەگەڵ ئەسعەد شەیبانی، وەزیری دەرەوەی نوێی سووریا لە رۆژانی دوایی ئەم هەفتەیە لە تورکیا کۆدەبێتەوە."