وەزیری دەرەوەی ئەمریکا: لە هێرشەکەی ئیسرائیلدا بەشدار نەبووین
رووداو دیجیتاڵ
مارکۆ روبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاند وڵاتەکەی بەشداریی لە هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر ئێراندا نەکردووە، بەڵام هۆشدارییەکی تووندی دایە ئێران کە نابێت بەرژەوەندی یان هێزەکانی ئەمریکا لە ناوچەکەدا بکاتە ئامانج.
روبیۆ رایگەیاند: "ئەمشەو، ئیسرائیل کردەوەیەکی تاکلایەنەی دژی ئێران کرد. ئێمە لە هێرشەکانی دژی ئێراندا بەشدار نین و کاری لەپێشینەمان پاراستنی هێزە ئەمریکییەکانە لە ناوچەکەدا. ئیسرائیل ئاگاداری کردینەوە کە پێیان وایە ئەم کردەوەیە بۆ بەرگریکردن لە خۆی پێویست بووە."
وەزیری دەرەوەی ئەمریکا گوتیشی: "سەرۆک ترەمپ و ئیدارەکەی هەموو هەنگاوێکی پێویستیان گرتووەتەبەر بۆ پاراستنی هێزەکانمان و لە پەیوەندیی نزیکدان لەگەڵ هاوبەشە هەرێمییەکانمان. با روونی بکەمەوە: نابێت ئێران بەرژەوەندییەکان یان کارمەند و سەربازانی ئەمریکا بکاتە ئامانج."
ئەم لێدوانە لە کاتێکدایە کە بەرەبەیانیی ئەمڕۆ هەینی، ئیسرائیل هێرشێکی بەرفراوانی بەناوی "شێری هەستاو" کردە سەر ئێران. هێرشەکە بووەتە هۆی کوژرانی چەندین فەرماندەی باڵای سوپای پاسداران، لەنێویاندا حوسێن سەلامی، فەرماندەی گشتیی سوپای پاسداران، هەروەها چەندین زانای دیاری ئەتۆمیی ئێران.
عەلی خامنەیی، رێبەری باڵای ئێران، هەڕەشەی "سزایەکی سەختی" کردووە و رایگەیاندووە "دەستی بەهێزی هێزە چەکدارەکانیان" لە ئیسرائیل هەڵناگرن.
گرژییەکان لە ناوچەکەدا گەیشتوونەتە لووتکە، لە کاتێکدا هەڵوێستی سیاسی لە واشنتن لەسەر هێرشەکە دابەش بووە؛ کۆمارییەکان پشتیوانیی تەواو لە ئیسرائیل دەکەن و دیموکراتەکان نیگەرانیی خۆیان لە ئەگەری هەڵگیرسانی شەڕێکی گەورە دەربڕیوە.