هاکان فیدان لەبارەی هێرشەکەی ئیسرائیل: دیپلۆماسی تاکە شوێنگرەوەی شەڕە
رووداو دیجیتاڵ
وەزیری دەرەوە، وەزیری بەرگری و سەرۆکی هەواڵگریی نیشتمانیی تورکیا بۆ تاوتوێکردنی هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران و پێشهاتەکانی ناوچەکە و جیهان کۆبوونەوە. وەزیری دەرەوەی تورکیا دەڵێت: ''دیپلۆماسی، تاکە شوێنگرەوەی شەڕە''.
هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا رۆژی هەینی، 13ـی حوزەیرانی 2025، لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس بڵاویکردەوە، لەگەڵ هەریەکە لە یاشار گولەر، وەزیری بەرگری؛ ئیبراهیم کاڵن، سەرۆکی هەواڵگریی نیشتمانی (میت) و مەتین گوراک، سوپاسالاری تورکیا کۆبووەتەوە و تاوتوێی هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران و پێشهاتەکانی ناوچەکەیان کردووە.
هاکان فیدان دەڵێت: ''بەڕێز سەرۆککۆمارمان لەنزیکەوە چاودێریی دۆخەکە دەکات. دامەزراوە پەیوەندیدارەکانمان لە چوارچێوەی رێنماییەکانی سەرۆککۆمارمان بۆ هەر سیناریۆیەک کە پەیوەندی بە وڵاتەکەمانەوە هەبێت، هەموو رێکارێکی پێویست دەگرێتەبەر''.
وەزیری دەرەوەی تورکیا ئاماژەی بەوەش کردووە: ''ئیسرائیل کە غەززەی بەرەو تراژیدیای مرۆڤایەتی برد، سەقامگیریی لوبنانی تێکدا، سووریای بەرەو داگیرکردن پەلکێش کرد و ئەمڕۆیش ئێرانی بە ئامانج گرت، دەبێت دەستبەجێ واز لە ستراتیژیی ناسەقامگیرکردنی ناوچەکە بهێنێت''.
وەزیری دەرەوەی تورکیا ئاماژەی بەوەش کرد: ''ئیسرائیل کە غەززەی بەرەو تراژیدیای مرۆڤایەتی برد، سەقامگیریی لوبنانی تێکدا، سووریای بەرەو داگیرکردن پەلکێش کرد و ئەمڕۆیش ئێرانی بە ئامانج گرت، دەبێت دەستبەجێ واز لە ستراتیژیی ناسەقامگیرکردنی ناوچەکە بهێنێت''.
هاکان فیدان دەشڵێت: ''بەردەوامیدان بەو پرۆسەیەی کە بەڕێز ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لەبارەی دانوستاندنەکانی ئەتۆم دەستیپێکردووە'' تاکە رێگەیە بۆ چارەسەرکردنی ناکۆکییەکانی ئیسرائیل و ئێران ''کە بەهۆی رێکنەکەوتن لە بابەتی ئەتۆم دروستبووە. دیپلۆماسی، تاکە شوێنگرەوەی شەڕە''.
وەزیری دەرەوەی تورکیا باسی لەوەش کرد، ''هەر لە سەرەتای پێشهاتەکانەوە لەگەڵ ئێران، عێراق، ئوردن، ئەمریکا و چەندین وڵاتی دیکە لە پەیوەندیێکی نزیکداین''.
بەرەبەیانیی ئەمڕۆ هەینی، ئیسرائیل هێرشێکی ئاسمانیی بەرفراوانی کردە سەر ئێران.
هێرشەکان دوای ئەوەش بەشێوەی جیاواز بەردەوام بوون.