یاریدەدەری ئەردۆغان لەبارەی هێرشەکەی ئیسرائیل: سەقامگیریی ناوچەکە تێکدەدات
رووداو دیجیتاڵ
یاریدەدەری سەرۆککۆماری تورکیا دەڵێت: ''بە تووندی هێرشکارییەکەی حکومەتی نەتەنیاهوو کە سەقامگیریی ناوچەکە تێکدەدات، سەرکۆنە دەکەین''.
جەودەت یڵماز، یاریدەدەری رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا رۆژی هەینی، 13ی حوزەیرانی 2025، لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس رایگەیاند: ''ئیسرائیل بە هێرشکردنە سەر ئێران، کردە نایاسایی و ئاژاوەگێڕییەکانی زیاتر کردن''.
یاریدەدەری سەرۆککۆماری تورکیا گوتیشی: ''بە تووندی هێرشکارییەکەی حکومەتی نەتەنیاهوو کە سەقامگیریی ناوچەکە تێکدەدات و دوورە لە هەموو رەوایەتییەک، سەرکۆنە دەکەین".
یڵماز ئاماژەی بەوەش کرد: ''لە کاتێکدا دانوستاندنەکان لەبارەی ئەتۆم لەگەڵ ئێران بەردەوام بوون، ئەم هێرشە کردەیەکی ستەمکارانەیە کە دیپلۆماسی و بەها مرۆییەکان دەخاتە ژێرپێ''.
یاریدەدەری سەرۆککۆماری تورکیا داوی لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کرد ''هەڵوێستێکی تووندیان لە بەرامبەر ئەو کردانەی ئیسرائیل هەبێت کە هەڕەشە لە یاسا و سەقامگیریی ناوچەکە دەکەن''.
بەرەبەیانیی ئەمڕۆ هەینی، ئیسرائیل هێرشێکی ئاسمانیی بەرفراوانی کردە سەر ئێران.
هێرشەکان دوای ئەوەش بەشێوەی جیاواز بەردەوام بوون.