24 کاژێری جەنگی ئیسرائیل و ئێران؛ تائێستا چی روویداوە؟


رووداو دیجیتاڵ 

بەرەبەیانی رۆژی هەینی، گرژییەکانی نێوان ئێران و ئیسرائیل گەیشتە قۆناخێکی نوێ و مەترسیدار، کاتێک ئیسرائیل هێرشێکی ئاسمانی کردە سەر چەندین ئامانجی ستراتیژی لەنێو خاکی ئێراندا، ئەمەش وەڵامدانەوەی خێرا و راستەوخۆی تارانی بەدوای خۆیدا هێنا.
 
چۆن دەستیپێکرد؟ 
 
بە بەشداریی نزیکەی 200 فڕۆکەی جەنگی، سوپای ئیسرائیل هێرشێکی بەرفراوانی کردە سەر زیاتر لە 200 ئامانج لە ئێران، کە بریتی بوون لە:
 
بنکە ئەتۆمییەکان: بنکەکانی نەتەنز، فۆردۆ و ئەسفەهان کرانە ئامانج و زیانیان پێگەیشت.
 
فەرماندە باڵاکان: ژمارەیەک لە باڵاترین فەرماندەکانی سوپای پاسداران کوژران، لەنێویاندا بەپێی میدیای ئێران، محەممەد باقری، سوپاسالاری هێزە چەکدارەکان و حوسێن سەلامی، فەرماندەی گشتیی سوپای پاسداران. هەروەها فەرماندەی هێزی ئاسمانیی سوپای پاسدارانیش لەنێو کوژراوەکاندایە.
 
زانایانی ئەتۆمی: میدیای ئێران رایگەیاند، 6 زانای ئەتۆمی لە هێرشەکاندا کوژراون.
 
بەپێی راگەیاندنی باڵیۆزی ئێران لە نەتەوە یەکگرتووەکان، لە ئەنجامی هێرشەکانی ئیسرائیلدا 78 کەس کوژراون و 320ی دیکە بریندار بوون.
 
وەڵامی ئێران؛ چەندین زنجیرە هێرشی مووشەکی
 
چەند کاژێرێک دوای هێرشەکانی ئیسرائیل، سوپای پاسداران رایگەیاند، وەڵامیان دەبێت و دوو زنجیرە هێرشی مووشەکییان لە تاران و کرماشانەوە کردە سەر ئیسرائیل.
 
ئامانجەکان: دەیان ئامانج لە ئیسرائیل کرانە ئامانج، لەنێویاندا شاری تەلئەڤیڤ.
 
زیانەکان: دەزگەی فریاکەوتنی ئیسرائیل رایگەیاند، نزیکەی 50 کەس بریندار بوون، کە یەکێکیان رەوشی تەندروستیی ناجێگیرە.
 
سوپای ئیسرائیل داوای لە هاووڵاتیانی کرد بچنە پەناگاکان و رایگەیاند، سیستمەکانی بەرگریی ئاسمانییان کارا کراون بۆ بەرپەرچدانەوەی هەڕەشەکان.
 
کەناڵ 12ـی ئیسرائیل ئاماژەی بەوە کردووە، یەکێک لەو کەسانەی برینداربووە، کە ژنێک بووە، گیانی لەدەستداوە. 
 
سیستەمی بەرگریی ئیسرائیل؛ قەڵخانێکی فرەچین
 
ئیسرائیل بۆ بەرگریکردن لە ئاسمانی خۆی، پشت بە سیستمێکی بەرگریی یەکخراو و فرەچین دەبەستێت کە لە سێ بەشی سەرەکی پێکدێت:
 
گومەزی ئاسنین (Iron Dome): بۆ بەرپەرچدانەوەی مووشەکی مەودا کورت (4 بۆ 70 کم).
 
قەڵخانی داود (David’s Sling): بۆ رووبەڕووبوونەوەی مووشەکی بالیستیی مەودا مامناوەند و مووشەکی کرووز (40 بۆ 300 کم).
 
سیستمی تیژڕۆ (Arrow System): بۆ بەرگریکردن لە مووشەکی بالیستیی مەودا دوور (تاوەکو 2,400 کم).
 
بەرپرسانی ئەمریکا رایانگەیاندووە، لە خستنەخوارەوەی بەشێک لە مووشەکەکانی ئێران یارمەتیی ئیسرائیلیان داوە.
 
کاردانەوەی نێودەوڵەتی و لێدوانی سەرکردەکان
 
بنیامین نەتەنیاهوو (سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل): رایگەیاند "هێرشی زیاتر بەڕێوەیە" و ئێرانی بە "رژێمێکی ستەمکار" وەسفکرد.
 
عەلی خامنەیی (رێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران): هەڕەشەی وێرانکردنی ئیسرائیلی کرد و بەڵێنی "لێدانی گورزی قورس"ـی دا.
 
دۆناڵد ترەمپ (سەرۆکی ئەمریکا): پشتگیریی خۆی بۆ ئیسرائیل دووپاتکردەوە و داوای لە ئێران کرد "رێککەوتنێک"ـی نوێی ئەتۆمی بکات "پێش ئەوەی درەنگ بێت".
 
کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی: بەریتانیا و لایەنەکانی دیکە داوای "دیالۆگ و دانبەخۆداگرتن" دەکەن. هاوکات لەسەر داوای ئێران، ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی کۆبوونەوەیەکی بەپەلەی سازکرد.
 
لێکەوتە ئابووری و ئەتۆمییەکان
 
بازاڕەکان: بەهۆی گرژییەکانەوە نرخی نەوت بەشێوەیەکی بەرچاو بەرزبووەوە و پشکی بازاڕەکانی جیهانیش دابەزین.
 
دۆخی ئەتۆمی: ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم (IAEA) پشتڕاستی کردەوە کە زیان بە بنکەی نەتەنز گەیشتووە، بەڵام رایگەیاند، ئاستی تیشکدانەوە لە ناوچەکەدا نەگۆڕاوە.