نەتەنیاهوو مەرجەکانی ئیسرائیل بۆ رازیبوون بە رێککەوتنی ئەتۆمیی ئەمریکا و ئێران ئاشکرادەکات
رووداو دیجیتاڵ
بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل مەرجەکانی بۆ رازیبوون بە هەر رێککەوتنێکی نێوان ئەمریکا و ئێران ئاشکرا دەکات.
نەتەنیاهوو لە هەڤپەیڤینێکدا بە کەناڵی فۆکس نیووزی ئەمریکی راگەیاند، هەر رێککەوتنێکی ئەتۆمی لەنێوان واشنتن و تاران بکرێت، پێویستە تێیدا بچەسپێندرێ کە نابێت ئێران "هیچ پیتاندنێک، هیچ مووشەکی بالیستی لە دەرەوەی چوارچێوەی پەیماننامە نێودەوڵەتییەکان و هیچ بەرەیەکی تیرۆر"ی هەبێت.
سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل گوتی، ئەگەر بەرپرسانی ئێران بەم مەرجانە رازی نەبن، "دووریان بخەنەوە و لێی گەڕێن شتەکان لە نێوخۆی ئێران بە رێچکەی خۆیاندا بڕۆن. پێتان دەڵێم، رژێم لە کێشەیەکی گەورەدایە، "ئەوەش وەک ئاماژەیەک بۆ هەوڵدان بۆ گۆڕینی حکومەتی ئێران لە ئەگەری رێکنەکەوتن".
نەتەنیاهوو باسی لە جەنگی 12 رۆژەی مانگی حوزەیران لەگەڵ ئێران کرد و گوتی، هێرشەکانی ئیسرائیل بەرنامەی ئەتۆمیی ئێرانیانیان بۆ "یەک دەیە" بردە دواوە.
نەتەنیاهوو پێی وایە دوای لاوازبوونی حیزبوڵڵای لوبنان، حەماسی فەلەستینی و گرووپە چەکدارەکانی دیکەی لایەنگری تاران لە ناوچەکە، ئێران "پەلەی لە بەچەککردنی" بەرنامە ئەتۆمییەکەی کرد.
ئێران بەردەوام رەتیکردووەتەوە هەوڵی دروستکردنی چەکی ئەتۆمی دابێت و جەختیکردووەتەوە کە ئامانجەکەی تەنیا ئاشتیانەیە.
بەڵام نەتەنیاهوو دەڵێت: "لە ماوەی ساڵێکدا، بۆمبێکی هێرشبردنیان دەبوو، بەکاریشیان دەهێنا، پێچەوانەی زلهێزە ئەتۆمییەکانی دیکە."
سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل هەروەها غەززەی بە "دوایین مەڵبەند"ی ئێرانی لە ناوچەکە ناوبرد.