ئایا تورکش ئێرلاینز گەشتی بۆ ئێران راگرتووە؟
رووداو دیجیتاڵ
لە ژمارەیەک هەژماری سۆشیال میدیا وا بڵاوکراوەتەوە کە ئاسمانی ئێران بەڕووی گەشتە فڕۆکەوانییەکاندا راگیراوە. باس لە راگەیێندراوێکی هێڵی ئاسمانیی تورکیا (تورکش ئێرلاینز) دەکرێت کە گوایە گەشتەکانی بۆ ئێران راگرتبێت، بەڵام هێڵەکە گەشتەکانی رانەگرتووە و هیچ زانیارییەکی پشتڕاستکراوەش لەبارەی داخستنی ئاسمانی ئێران لە ئارادا نییە.
راگەیێندراوەکەی تورکش ئێرلاینز باس لە قەرەبووکردنەوەی گەشتیاران دەکات و دەڵێت، ئەوانەی لە 13ی حوزەیران بۆ 31ی تەممووز گەشتەکانیان هەڵوەشاوەتەوە، قەرەبوو دەکرێنەوە.
رۆژی 13ی تەممووزی 2025، کۆمپانیای تورکش ئێرلاینز لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە، "بەهۆی ئەو پەرەسەندنانەی کاریگەرییان لەسەر گەشتەکانی تورکش ئێرلاینز بۆ ئێران، سووریا، ئوردن و عێراق هەبووە لە نێوان 13ی حوزەیران بۆ 31ی تەممووز، ئەوانەی (پێشتر) تکتیان بڕیبوو دەتوانن کاتەکانیان بگۆڕن، درێژیبکەنەوە یان پارەکانیان وەربگرنەوە".
کۆمپانیای تورکش ئێرلاینز کۆمپانیای هێڵی ئاسمانی تورکیایە و 49٪ی پشکەکانی لەلایەن حکومەتی وڵاتەکەوە خاوەنداریەتی دەکرێت.
ئەو راگەیێندراوەی کۆمپانیاکە لەکاتێکدایە رۆژی 13ی حوزەیران ئیسرائیل هێرشیکردە سەر ئێران و دواتر ئەویش بە مووشەک و درۆن وەڵامیدایەوە.
چەند رۆژێک پێش دەستپێکردنی جەنگەکە، ژمارەیەک وڵاتی جیهان گەشتەکانیان بە ئاسمانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست، لەنێویاندا عێراق، ئێران و ئیسرائیلەوە و بۆ فرۆکەخانەکانی ئەو وڵاتانە راگرت.
دوای 12 رۆژ لە جەنگ، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا ئاگربەستی جەنگەکەی راگەیاند و تاوەکو ئێستاش هەردوولا پێیەوە پابەندن، بەڵام تەواوی مەترسییەکان بۆ دەستپێنەکردنەوەی جەنگەکە نەڕەویونەتەوە.