سوپای ئیسرائیل: زیاتر لە 250 هەزار کەس شاری غەززەیان جێهێشتووە


رووداو - هەولێر

سوپای ئیسرائیل رایگەیاند، لەدوای چڕکردنەوەی هێرشەکانی بۆ سەر شاری غەززە، زیاتر لە 250 هەزار کەس شارەکەیان جێهێشتووە، هاوکات بەرپرسانی فەلەستینی دەڵێن، ژمارەیەکی زۆر لە خەڵک بەهۆی قەرەباڵخییەوە نەیانتوانیوە بەرەو باشوور بڕۆن.

نەتەوە یەکگرتووەکان لە کۆتایی مانگی ئابدا خەمڵاندبووی کە نزیکەی یەک ملیۆن فەلەستینی لە گەورەترین شاری کەرتی غەززە و دەوروبەریدا دەژین، هەروەها رایگەیاندبوو، دوای چەندین مانگ لە خراپتربوونی دۆخەکە، برسێتیی کوشندە لەو ناوچەیەدا بڵاوبووەتەوە.
 
ئەو رێکخراوە نێودەوڵەتییە و ئەندامانی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی داوایان لە سوپای ئیسرائیل کردووە واز لە پلانی کۆنترۆڵکردنی شارەکە بهێنێت و هۆشدارییان داوە هێرشەکە و ئاوارەبوونی خەڵک، دۆخی مرۆییی سەختی ناوچەکە خراپتر دەکات.
 
شاری غەززە دەکەوێتە باکووری کەرتی غەززە. 
 
رۆژی شەممە، ئەفیخای ئەدرەعی، گوتەبێژی سوپای ئیسرائیل بە زمانی عەرەبی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس رایگەیاند: "زیاتر لە چارەکە ملیۆنێک دانیشتووی شاری غەززە بۆ سەلامەتیی گیانی خۆیان، شارەکەیان جێهێشتووە".
 
بەڵام فەرمانگەی بەرگریی شارستانیی غەززە ئامارێکی زۆر کەمتری بڵاوکردەوە و رایگەیاند، کەمتر لە 70 هەزار کەس توانیویانە شارەکە جێبهێڵن.
 
بەهۆی ئەوەی ئیسرائیل رێگە بە میدیا بیانییەکان نادات بۆ رووماڵ بچنە غەززە، تۆڕی میدیایی رووداو ناتوانێت بە شێوەیەکی سەربەخۆ ئەو وردەکارییانە پشتڕاست بکاتەوە کە لەلایەن سوپای ئیسرائیل یان بەرگریی شارستانیی غەززەوە بڵاودەکرێنەوە.
 
سوپای ئیسرائیل رۆژی شەممە نامیلکەی بەسەر دانیشتووانی گەڕەکەکانی رۆژئاوای شاری غەززە بڵاوکردەوە و داوای لێکردن ناوچەکانیان چۆڵ بکەن، هاوکات بەرگریی شارستانی باسی لە بەردەوامیی هێرشە ئاسمانییەکان کرد.
 
لە نامیلکەکەدا نووسرابوو: "سوپای ئیسرائیل بە هێزێکی زۆرەوە لە ناوچەکەتاندا کاردەکات و سوورە لەسەر هەڵوەشاندنەوە و تێکشکاندنی حەماس". هەروەها داوای لە خەڵک کردبوو بەرەو باشوور بڕۆن و نووسیبووی: "ئێوە ئاگادار کرانەوە".
 
محەممەد ئەبو سەلمیە، بەڕێوەبەری کۆمەڵگەی پزیشکیی شیفا گوتی، ئاوارەبوون لەنێو شاری غەززەدا بەردەوامە و دانیشتووان لە رۆژهەڵاتەوە بەرەو رۆژئاوا دەچن، بەڵام "تەنیا ژمارەیەکی کەم لە خەڵک توانیویانە بگەنە باشوور".
 
ئەو بەرپرسە باڵایە گوتیشی: "تەنانەت ئەوانەشی دەگەنە باشوور، زۆرجار هیچ شوێنێکیان دەستناکەوێت بۆ مانەوە، چونکە ناوچەی ئەلمەواسی بە تەواوی پڕ بووە و دێر بەلەحیش زۆر قەرەباڵخە"، ئاماژەی بەوەشکرد، زۆر لە ئاوارەکان دوای ئەوەی شوێنی حەوانەوە و خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکانیان دەستنەکەوتووە، گەڕاونەتەوە بۆ شاری غەززە.
 
"باشووریش ئارام نییە"
 
مەحموود بەسەڵ، گوتەبێژی بەرگریی شارستانی غەززە راگەیاند: "ژمارەی راستەقینەی ئەو ئاوارانەی لە شاری غەززەوە چوونەتە باشوور تەنیا نزیکەی 68 هەزار کەسە". گوتیشی: "زۆر لە دانیشتووان هێشتا لە شوێنی خۆیان ماونەتەوە و زۆری دیکەش ناتوانن لە باشوور شوێن بدۆزنەوە".
 
بەکری دیاب، کە لە رۆژئاوای شاری غەززەوە بەرەو باشوور هەڵاتووە، رایگەیاند، هێرشەکانی ئیسرائیل لەوێش بەردەوامن. ئەو پیاوە تەمەنی 35 ساڵە و باوکی چوار منداڵە، گوتی: "لێرەش بۆردوومان هەیە، باشووریش ئارام نییە. تاکە شتێک کە داگیرکەر کردوویەتی ئەوەیە کە خەڵکی ناچارکردووە لە شوێنێکدا کۆببنەوە کە هیچ خزمەتگوزارییەکی سەرەتایی و هیچ سەلامەتییەکی تێدا نییە".
 
ئیسرائیل رووبەڕووی گوشاری نێودەوڵەتیی زیاتر بووەتەوە بۆ راگرتنی هێرشەکەی بۆ سەر شاری غەززە، بەڵام دەڵێت، سوورە لەسەر هێرشەکەی.
 
لە هەفتەکانی رابردوودا، سوپا باڵەخانە بەرزەکانی ئەو ناوچەیەی کردووەتە ئامانج و دەڵێت، چەکدارانی حەماس بەکاریان دەهێنان. رۆژی شەممە، سوپا رایگەیاند هێرشی کردووەتە سەر باڵەخانەیەکی دیکەی بەرز لە ناوچەکە.
 
یسرائیل کاتس، وەزیری بەرگریی ئیسرائیل لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس نووسیویەتی: "گەردەلوول بەردەوامە لە لێدانی غەززە. تاوەری تیرۆر، بورج ئەلنوور، وێرانکرا و داوا لە دانیشتووانی غەززە دەکرێت بەرەو باشوور بڕۆن".
 
بەگوێرەی بەرگریی شارستانیی غەززە، هێرشەکانی ئیسرائیل لە بەرەبەیانی رۆژی شەممەوە بوونەتە هۆی گیانلەدەستدانی لانیکەم 25 کەس.