لە لایەکی دیکەوە، سەرچاوەیەکی فەلەستینی رایگەیاندووە، بزووتنەوەی حەماس بە نێوەندگیرانی گوتووە، رەنگە نەتوانێت رۆژی دووشەممە تەرمی هەموو بارمتەکان رادەست بکاتەوە، بەهۆی ئەوەی دەستیان پێیان ناگات.
سەرچاوەکە ئاماژەی بەوەش کردووە، سەرەڕای ئەوەش، ئیسرائیل بەڵێنی داوە پرۆسەی ئاڵوگۆڕەکە تەواو بکات. هەروەها، دواتر تیمێکی شارەزایانی عەرەب و بیانی بەشداری لە گەڕان بەدوای تەرمەکاندا دەکەن لەو شوێنانەی کە ئەگەری هەیە لێی نێژرابن.
ئەمڕۆ، بۆ چوارەم رۆژی لەسەریەک ئاگربەست لە کەرتی غەززە بەردەوامە، هاوکات چاوەڕوانیی ئاڵوگۆڕکردنی بارمتە و زیندانییەکان دەکرێت و لووتکەیەکیش بەڕێوەدەچێت کە ئامانج لێی داڕشتنی نەخشەڕێگەیەکە بۆ ئاشتی دوای دوو ساڵ لە جەنگ.
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا شەوی یەکشەممە گەشتێکی خێرای بۆ ئیسرائیل و میسر دەستپێکرد، سەرپەرشتیی لووتکەکە دەکات لە شەرم شێخی میسر.
رێککەوتنی ئاشتیی غەززە بەندە بە پابەندبوونی هەردوولا بە ئاڵوگۆڕکردنی ئەو بارمتانەی لە هێرشەکەی 7ی تشرینی یەکەمی 2023ـی حەماسدا دەستگیرکراون، لە بەرامبەر ئەو فەلەستینییانەی لە زیندانەکانی ئیسرائیلدا گیراون.
قۆناخی سەرەتایی رێککەوتنەکە ئازادکردنی 47 بارمتەی ئیسرائیلی (زیندوو و مردوو) لەخۆدەگرێت، لە بەرامبەر 250 زیندانیی فەلەستینی و 1700 هاووڵاتیی غەززە کە لە دوای دەستپێکردنی جەنگەوە دەستبەسەرکراون.
هەروەها چاوەڕوان دەکرێت حەماس رووفاتی سەربازێکی ئیسرائیلی رادەست بکاتەوە کە لە ساڵی 2014 و لە جەنگێکی پێشووتری غەززەدا کوژرا.
بە گوتەی گوتەبێژی نووسینگەی بنیامین نەتەنیاهوو، ئیسرائیل چاوەڕوانە هەر 20 بارمتە زیندووەکە "بەرەبەیانی ئەمڕۆ " رادەستی خاچی سوور بکرێن، پێش کۆتاییهاتنی ئەو وادەیەی لەلایەن ترەمپەوە پێشنیاز کراوە، کە نیوەڕۆی ئەمڕۆیە.
گوتەبێژەکەی نەتەنیاهوو دەڵێت، زیندانییە فەلەستینییەکان "کاتێک ئازاد دەکرێن کە ئیسرائیل دڵنیا دەبێتەوە هەموو ئەو بارمتانەمان کە بڕیارە ئازادبکرێن، گەیشتوونەتە دیوی ئیسرائیل."
ئەمڕۆ دووشەممە، ترەمپ و سیسی لە شەرم شێخی میسر سەرپەرشتیی لووتکەی ئاشتیی غەززە دەکەن کە زیاتر لە 20 سەرکردەی جیهان تێیدا بەشدارن.
نووسینگەی سەرۆکایەتیی میسر رایگەیاند، ئامانجی کۆبوونەوەکە "کۆتاییهێنانە بە جەنگ لە کەرتی غەززە، پتەوکردنی هەوڵەکان بۆ بەدەستهێنانی ئاشتی و سەقامگیری لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و، دەستپێکردنی قۆناخێکی نوێیە لە ئاسایش و سەقامگیریی ناوچەیی."
رۆژی یەکشەممە، وەزارەتی دەرەوەی میسر رایگەیاند، چاوەڕوان دەکرێت "بەڵگەنامەی کۆتاییهێنان بە جەنگ لە کەرتی غەززە" لە میانی کۆبوونەوە "مێژووییەکەدا" واژۆ بکرێت.
بەڵام هیچ کام لە لایەنە شەڕکەرەکان بەشداری ناکەن؛ نووسینگەی نەتەنیاهوو رایگەیاند، هیچ بەرپرسێکی ئیسرائیلی بەشداری ناکات. ئەمەش دوای ئەوە هات حەماس پشتڕاستیکردەوە نوێنەر نانێرێت.
لە نێو ئامادەبوواندا، سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان، ئەنتۆنیۆ گۆتێرێس؛ شای ئوردن، شا عەبدوڵڵای دووەم؛ سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا، کێر ستارمەر؛ سەرۆکی فەرەنسا، ئیمانوێل ماکرۆن؛ و هاوتا تورکییەکەی، رەجەب تەیب ئەردۆغان ئامادە دەبن. هەروەها مارک کارنی، سەرۆکوەزیرانی کەنەدا، نوێنەرایەتیی وڵاتەکەی دەکات. ئێران دەڵێت بانگهێشت کراون، بەڵام بەشداری ناکەن.
سەرچاوەیەکی حەماس کە نزیکە لە لیژنەی دانوستاندنکاری بزووتنەوەکە دەڵێت، حەماس بەشداری لە حکومڕانیی غەززە لە دوای جەنگدا ناکات.
سەرچاوەکە کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت، گوتی بزووتنەوە ئیسلامییەکە "دەستبەرداری دەسەڵاتی کەرتی غەززە بووە،" بەڵام جەختی کردەوە کە "وەک بەشێکی بنەڕەتیی پێکهاتەی فەلەستینی دەمێنێتەوە."