ترەمپ گەیشتە ئیسرائیل و لە کنێست گوتارێک پێشکێش دەکات
رووداو دیجیتاڵ
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا گەیشتە ئیسرائیل و گوتارێک لە پەرلەمانی ئەو وڵاتە پێشكێش دەکات و دواتر لەوێوە دەچێتە میسر و سەرکردایەتیی لووتکەیەکی ئاشتی دەکات.
فڕۆکەکەی ترەمپ لە فڕۆکەخانەی بنگۆریۆن لە تەلئەڤیڤ نیشتەوە و لەوێ لە لایەن بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیران؛ ئیسحاق هێرتزۆگ، سەرۆکی ئیسرائیل و بەرپرسانی باڵای دیکەوە پێشوازی لێکرا.
بڕیارە کاژێر 11:00 بەکاتی ئیسرائیل (هەمان کاتی هەولێر) ترەمپ لە کنێسێت گوتارێک لە بارەی ئاگربەستی غەززە پێشكێش بکات کە بە گوێرەی پلانێکی خۆی، لەنێوان ئیسرائیل و حەماس رێککەوتنی لەسەر کراوە، بۆ ئەوەی کۆتایی بە جەنگی زیاتر لە دوو ساڵەی غەززە بهێنرێ.
گەیشتنی ترەمپ بە تەلئەڤیڤ کەمتر لە کاژێرێک دوای ئەوە هات کە ئیسرائیل پشتڕاستی کردەوە 7 بارمتە لە خاچی سووری نێودەوڵەتی وەرگرتووەتەوە، دوای ئەوەی حەماس لە چوارچێوەی رێککەوتنەکەدا ئازادی کردن.
ترەمپ کاژێر 1:00 ئیسرائیل جێدێڵێت و بەرەو میسر بەڕێ دەکەوێت. بڕیارە کاژێر 5:00ی ئێوارە کۆتایی بە گەشتەکەی بێنێت و بگەڕێتەوە ئەمریکا.