بەهۆی گوشاری عێراق و تورکیا نەتەنیاهوو سەردانەکەی بۆ میسر هەڵوەشاندەوە

 
رووداو دیجیتاڵ

بەگوێرەی زانیاریی دوو سەرچاوەی باڵای دیپلۆماسی، گوشار و دژایەتیی تووندی تورکیا و عێراق بوونە هۆی ئەوەی بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، لە دوا ساتەکاندا بەشداریی خۆی لە لووتکەی غەززە لە میسر هەڵبوەشێنێتەوە.
 
لووتکەکە، لە هاوینەهەواری شەرم شێخ بە سەرۆکایەتیی هاوبەشی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا و عەبدولفەتاح سیسی، سەرۆکی میسر بەڕێوەدەچێت، ئامانجی واژۆکردنی بەڵگەنامەیەکە بۆ "کۆتاییهێنان بە جەنگی کەرتی غەززە." 
 
سەرەتا سەرۆکایەتیی میسر ئامادەبوونی نەتەنیاهووی پشتڕاستکردبووەوە، بەڵام گوشاری دیپلۆماسیی چڕ لەپشت پەردەوە سیناریۆکەی بە تەواوی گۆڕی.
 
سەرچاوەیەکی دیپلۆماسیی تورکیا، بەهۆی نەبوونی دەسەڵاتی فەرمی بۆ قسەکردن بۆ میدیاکان نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت، بە ئاژانسی فرانس پرێسی راگەیاند: "لەسەر دەستپێشخەریی سەرۆک رەجەب تەیب ئەردۆغان و لە رێگەی هەوڵە دیپلۆماسییەکانی تورکیاوە، بە پشتیوانیی سەرکردەکانی دیکە، رێگری لە ئامادەبوونی نەتەنیاهوو لە کۆبوونەوەکەی میسردا کرا." 
 
بەگوێرەی راپۆرتی میدیاکانی تورکیا، کاتێک ئەردۆغان لە رێگەی گەیشتن بە شەرم شێخ ئاگادارکراوەتەوە لە ئەگەری بەشداریکردنی نەتەنیاهوو، فڕۆکەکەی بەسەر دەریای سووردا سووڕاوەتەوە و رەتیکردووەتەوە بنیشێتەوە تاوەکو دڵنیا نەبێتەوە لەوەی سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل ئامادە نابێت.
 
هاوکات، عێراقیش هەڵوێستێکی تووندی نیشاندا. راوێژکارێکی محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق رایگەیاند، شاندی عێراقی هەڕەشەی بایکۆتکردنی لووتکەکەی کردووە ئەگەر نەتەنیاهوو تێیدا ئامادە بێت. 
 
عەلی مووسەوی بە ئاژانسی فڕانس پرێسی راگەیاندووە، "شاندی عێراق لایەنی میسری ئاگادارکردەوە ئامادە نییە بەشداری لە هیچ لووتکەیەکی هەرێمیدا بکات ئەگەر نەتەنیاهوو ئامادە بێت." مووسەوی ئاشکراشی کرد "ژمارەیەک شاندی دیکەش" نیازی کشانەوەیان هەبووە.
 
لە بەرامبەردا، نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، نزیکەی 40 خولەک دوای پشتڕاستکردنەوەی بەشدارییەکەی لەلایەن میسرەوە، راگەیێندراوێکی دەرکرد و هۆکاری ئامادەنەبوونەکەی گەڕاندەوە بۆ کاتەکەی کە هاوکات بووە لەگەڵ دەستپێکردنی جەژنی جووەکانی سیمحات تۆرا لە کاتی خۆرئاوابووندا. 
 
لە راگەیێندراوەکەدا ئاماژە بەوە کرابوو، سەرەڕای ئەوەی لەلایەن سەرۆک ترەمپەوە بانگهێشت کراوە، بەڵام نەتەنیاهوو ناتوانێت بەشدار بێت.
 
سەرەنجام، بەگوێرەی قسەی مووسەوی، قاهیرە ناچار بووە نەتەنیاهوو ئاگادار بکاتەوە کە "ناتوانرێت پێشوازیی لێبکرێت،" ئەمەش بووەتە هۆی هەڵوەشاندنەوەی سەردانەکەی.