ئیسرائیل: سووتەمەنی دەدەینە نەخۆشخانەی شیفا؛ تەندروستی ‌غەززەش دەڵێت راست ناکات

رووداو دیجیتاڵ 

گوتەبێژی وەزارەتی بەرگریی ئیسرائیل رایگەیاند، ئەوان ئامادەن هەموو هاوکارییەکی نەخۆشخانەکان بکەن، سووتەمەنی دابین بکەن، یارمەتیی خەڵک بدەن بچنە دەرەوە، کۆرپەکان بگوازنەوە نەخۆشخانەکانی دیکە، بەڵام حەماس رێگە نادات. وەزارەتی تەندروستیی غەززەش قسەکانی رەتدەکاتەوە.
 
لە نوێترین دەرکەوتن و لێدوانیدا درەنگی شەوی یەکشەممە، 12-11-2023، دانیێڵ هەگاری، گوتەبێژی وەزارەتی بەرگریی ئیسرائیل لە پەیامێکی تەلەڤیزیۆنیدا رایگەیاند، "ئێمە سووتەمەنیمان بە نەخۆشخانەی شیفا دا و لەگەڵ بەرپرسانی ئەو نەخۆشخانەیە قسەمان کرد کە بێن 300 لیتر سووتەمەنی ببەن کە تەنیا 300 مەتر لە نەخۆشخانەکە دوور بوو. ئێمە هێشتا چاوەڕێی بەڕێوەبەری گشتیی نەخۆشخانەکە دەکەین بێت ئەو سووتەمەنییە ببات، بەڵام بەرپرسانی حەماس گوشار دەکەن کە سووتەمەنییەکە نەبەن."
 
هەگاری ئەوەشی خستەڕوو کە هێزەکانیان خەریکن بەرەو "ناو جەرگەی" غەززە پێشڕەوی دەکەن، ئەوان بەردەوام دەبن لە بەئامانجگرتنی پێگەکانی چەکدارانی حەماس لە کامپی پەنابەرانی شاتی.
 
گوتەبێژی وەزارەتی بەرگریی ئیسرائیل دەستگیرکردنی 20 چەکداری حەماسی راگەیاند، "هێزەکانمان تا ئێستا 20 تیرۆریستی حەماسیان دەستگیرکردووە و لە ئیسرائیل لێکۆڵینەوەیان لەگەڵ دەکرێت. بەشێک لەو 20 تیرۆریستە لە هێرشەکەی 7ـی ئۆکتۆبەر بەشداربوون."
 
لەبارەی رەوشی باکووری کەرتی غەززەوە گوتی، هێزەکانیان لەگەڵ بەرپرسانی نەخۆشخانەکانی باکوور لە پەیوەندیدان بۆ کردنەوەی رێگە و رێڕەوی سەلامەت تاوەکو خەڵک بتوانن باکوور بەرەو باشوور جێبهێڵن. بەگوتەی هەگاری، دانیشتووانی باکوور گوێ لە بانگەواز و هۆشدارییەکانی بەرگریی ئیسرائیل دەگرن و ناوچەکە چۆڵ دەکەن، بەڵام "حەماس هەموو شتێک دەکات تا وایان لێبکات لەوێ بمێننەوە."
 
رۆژی شەممە، 11-11-2023، وەزارەتی تەندروستیی غەززە رایگەیاند، "بەهۆی نەمانی سووتەمەنی و کارەباوە، سێ کۆرپە گیانیان لەدەستداوە و ژیانی 36 کۆرپە کە پێش وادەی خۆیان لەدایکبوونە و پێویستییان بە ئامێری هەناسەدانە، لە مەترسییدایە. هەروەها هەر بەهەمان هۆکار چوار نەخۆشمان لەدەستداوە."
 
دانیێڵ هەگاری لەوبارەوە رایگەیاند، "لەگەڵ سەرکردەکانی نەخۆشخانەی شیفا قسەمانکردووە و ئامادەییمان دەربڕیوە کە منداڵە تازە لەدایکبووەکان بگوازینەوە نەخۆشخانەیەکی سەلامەت، هەروەها پێمان راگەیاندوون کە ئیسرائیل ئامادەیە سووتەمەنی بۆ چەند مەبەستێکی گرنگ و تایبەت دابین بکات، بەڵام سەرکردەکانی حەماس بە تایبەت لەنێو وەزارەتی تەندروستیی کەرتەکە رێگە لەو پەیوەندییانە دەگرن و ناهێڵن نەخۆشخانەکە هیچی بۆ بکرێت."
 
میدیای فەلەستین لە زاری خەڵکی نێو نەخۆشخانەکە و بەرپرسانی تەندروستیی کەرتەکە رایگەیاند، "دەنگۆکانی ئیسرائیل راست نییە، هێزەکانی ئیسرائیل لەبەردەم نەخۆشخانەکە خەریکی شەڕ و تەقەکردنن، کەس ناتوانێت بچێتە دەرەوە و کارەبا و سووتەمەنی نییە."
 
بەرپرسانی تەندروستیی ئیسرائیل رایانگەیاند، "نەخۆشخانەی شیفا هەزار و 500 نەخۆش، هەزار و 500 کارمەندی تەندروستی و 15 بۆ 20 هەزار خەڵکی تێدایە."
 
هەگاری لەبارەی کێشەکانی ئیسرائیل و حیزبوڵڵای لوبنان لەسەر سنوور ئاماژەی بەوەدا کە هێزەکانی ئیسرائیل "بە فڕۆکە لە چەند پێگەیەکی تیرۆریستانی حیزبوڵڵایان داوە لە باشووری لوبنان، ئەمەش وەک وەڵامێک بۆ ئەو مووشەکانەی حیزبوڵڵا ئاراستەی شاری کریۆتیان کرد لە باکووری حەیفای ئیسرائیل. هەروەها، هێزەکانمان توانییان ئەو چەکدارانە دووربخەنەوە کە بە مووشەک هێرشیان کردبووە سەر هاووڵاتییانی سڤیلی ئیسرائیل لە گوندی دۆڤێڤ."
 
دانیێڵ هەگاری، حکومەتی لوبنان و چەکدارانی حیزبوڵڵای بە بەرپرسی هەر هێرشێک زانی کە بکرێتە سەر خەڵکی سڤیلی ئیسرائیلی و گوتی، "هەموو سەرنجمان لەسەر غەززەیە، بەڵام لە باکووریش تەواو ئامادەین. حکومەتی لوبنان و حیزبوڵڵا بەرپرسی هەر هێرشێکن کە لە لوبنانەوە دەکرێت. خەڵکی سڤیلی لوبنان باجی ئەو بێ یاساییەی بڕیارەکانی حیزبوڵڵا دەدەن. هێزەکانمان پلانی تایبەتیان هەیە بۆ گۆڕینی دۆخی ئاسایشی باکوور، خەڵکی باکوور دەترسن و ناوێرن بگەڕێنەوە ماڵەکانیان."
 
زیاتر لە مانگێکە، جەنگی نێوان حەماس و ئیسرائیل بەردەوامە و جەنگەکە دوای ئەوە دەستیپێکرد کە رۆژی 7ـی تشرینی یەکەم، حەماس ئۆپەراسیۆنی ناونراو بە "تۆفانی ئەقسا"ـی دژی ئیسرائیل راگەیاند؛ ئیسرائیلیش لەبەرامبەردا ئۆپەراسیۆنی ناونراو بە "شمشێری پۆڵاین"ـی راگەیاند، بەڵام دواتر بەرەی شەڕی نێوان حەماس و ئیسرائیل فراوانتر بوو و، گرووپی جیهادی ئیسلامیش لە کەرتی غەززەش چووە نێو شەڕەکە. 
 
بە گوێرەی بەرپرسانی تەندروستی کەرتی غەززە و وەزارەتی دەرەوەی ئیسرائیل، تاوەکو ئەمڕۆ و لە رۆژی 7ـی تشرینی یەکەمەوە زیاتر لە 12 هەزار و 300 کەس لە هەردوولا کوژراون.