پاکستان رەخنە دەگرێ؛ ئەفغانستانییەکان بە هێرشە خۆکوژییەکەی ئیسلامئاباد تۆمەتباردەکات

رووداو دیجیتاڵ
 
پاکستان رۆژی پێنجشەممە هاووڵاتییانی ئەفغانستانی بە تەقینەوە خۆکوژییەکەی ئەم هەفتەیەی ئیسلامئابادی پایتەخت و هێرشێکی دیکەی خوێناوی لە نزیک سنوور تۆمەتبارکرد.
 
موحسین نەقڤی، وەزیری ناوخۆی پاکستان لە دانیشتنێکی ئەنجوومەنی پیراندا رایگەیاند، ئەو خۆکوژەی لەپشت تەقینەوەکەی رۆژی سێشەممەی بەردەم باڵەخانەکانی دادگەی پاکستانەوە بوو، خەڵکی ئەفغانستان بوو.
 
بێ ئەوەی هیچ بەڵگەیەک بخاتەڕوو، نەقڤی گوتی: "بەدواداچوونمان بۆ ئەنجامدەرانی تەقینەوەکەی ئیسلامئاباد کردووە. خۆکوژەکە خەڵکی ئەفغانستان بوو."
 
کاتێک پرسیاری لێکرا کە حکومەت چۆن مامەڵە لەگەڵ ئەفغانستان دەکات؟ وەزیرەکە بە رۆژنامەڤانانی گوت: "لەسەر ئاستی حکومەت بڕیاردەدرێ کە چی بکرێ."
 
باڵێکی تەحریکی تاڵیبانی پاکستان (TTP) بەرپرسیارێتیی خۆی لە هێرشەکە راگەیاند، کە یەکەم هێرش بووە لە نزیکەی سێ ساڵدا پایتەخت بکاتە ئامانج.
 
لە هێرشەکەدا 12 کەس گیانیان لەدەستدا و 27 کەسی دیکە برینداربوون.
 
نەقڤی رۆژی دووشەممە بە پەیامنێرانی راگەیاند، هاووڵاتییانی ئەفغانستانی بەشدارییان لە هێرشێکی هەمان رۆژدا کرد بۆ سەر کۆلێژی کادێت لە وانا، کە قوتابخانەیەکی سەربازییە لە باکووری رۆژئاوای پاکستان. لەو هێرشەدا سێ کەس گیانیان لەدەستدا.
 
ئەم تۆمەتانە لەکاتێکدان، پەیوەندییەکانی نێوان ئیسلامئاباد و کابوول بەشێوەیەکی بەرچاو خراپ بوون.
 
لەوەتەی تاڵیبان لە ساڵی 2021ـەوە گەڕاوەتەوە سەر دەسەڵات، پاکستان ئەو چەکدارانە تۆمەتباردەکات کە دەڵێت بنکەکانیان لە ئەفغانستانە، بەتایبەتی تەحریکی تاڵیبانی پاکستان، بە زیادبوونی هێرشەکان. کابوول ئەو تۆمەتانە رەتدەکاتەوە.
 
پەیوەندییەکان مانگی رابردوو گەیشتنە نزمترین ئاستی خۆیان، دوای ئەوەی خراپترین پێکدادانی سنووری لە چەندین ساڵی رابردوودا روویدا و بەگوێرەی نەتەوە یەکگرتووەکان، بووە هۆی گیانلەدەستدانی زیاتر لە 70 کەس، لەنێویاندا دەیان هاووڵاتیی سڤیلی ئەفغانستان.
 
نەقڤی لە قسەکانیدا گوتی: "ئێمە نیگەرانییەکانی خۆمانمان پێگوتوون، بەڵام ئەوان هێشتا پشتگیریی تیرۆریستان دەکەن."
 
کابوول هیچ قسەیەکی لەسەر ئەو تۆمەتانە نەبووە.
 
وەزارەتی راگەیاندنی پاکستان رۆژی پێنجشەممە هەمان قسەی دووبارە کردەوە و رایگەیاند، هێرشەکەی وانا "لە ئەفغانستانەوە پلانی بۆ دانراوە و کۆنترۆڵ کراوە" و هەموو ئەوانەی بەشداربوون هاووڵاتیی ئەفغانستان بوون.
 
وەزارەتەکە لە پۆستێکی تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکسدا نووسی: "ناسنامەی ئەو تیرۆریستە ئەفغانییانەی کە لە هێرشەکەدا کوژراون، بە روونی پەیوەندیی تیرۆریستان بە بنکەکانیانەوە لە ئەفغانستان دەسەلمێنێت."
 
تەحریکی تاڵیبانی پاکستان (TTP) هەڕەشەی هێرشی زیاتر دەکات، ئەگەر شەریعەتی ئیسلامی لە پاکستان جێبەجێ نەکرێت، کە وڵاتێکی زۆرینە موسڵمانە.