لە کۆپ 28دا 200 وڵات لەسەر خۆبەدوورگرتن لە سووتەمەنی بەردین رێککەوتن
رووداو دیجیتاڵ
لە دوایین رۆژی کۆنفرانسی گۆڕانی کەشوهەوا لە دوبەی، 200 وڵات لەسەر "خۆبەدوورگرتن لە بەکارهێنانی سووتەمەنی بەردین کە نەوت و گاز و خەڵووز" دەگرێتەوە رێککەوتن. نێردەی تایبەتی ئەمریکا گوتی، "ئەو رێککەوتنە پەیامێکی زۆر بەهێز بۆ جیهان دەنێرێت". وەزیری وزەی فەرەنساش رایگەیاند، "ئەمە سەرکەوتنی فرەلایەنی و دیپلۆماسییەتی کەشوهەوایە."
رۆژی چوارشەممە، 13-12-2023، دوایین رۆژی کۆنفرانسی گۆڕانی کەشوهەوا بوو لە دوبەی، کە بە COP28 ناسراوە. نوێنەری 200 وڵات لەسەر رێککەوتنی کۆتایی بۆ "خۆبەدوورگرتن لە سووتەمەنی بەردین" واژۆیانکرد و نەتەوە یەکگرتووەکان رایگەیاند، "یەکەمجارە لە مێژوو ئەو ژمارە زۆرەی وڵاتان لەسەر بابەتێکی گرنگی جیهانی رێکبکەون."
سووتەمەنی بەردین سێ سووتەمەنییە گرنگەکەی پیشەسازی دەگرێتەوە کە نەوت، گاز و خەڵووزە.
سوڵتان جابر، سەرۆکی کۆنفرانسەکە و کۆمپانیای نەوتی ئەدنۆک لەدوای کۆتاییهاتنی کۆنفرانسە چواردە رۆژییەکە ستایشی رێککەوتنەکەی کرد و بە "پاکێجێکی مێژوویی" ناوی برد کە "پلانێکی تۆکمە پێشنیاز دەکات بۆ ئەوەی پلەی گەرمی لە 1.5 پلەی سیللیزی بهێڵێتەوە."
سوڵتان جابر هەروەها رایگەیاند، "بۆ یەکەمجار لە مێژوودا لێک تێگەیشتن لە نێوانمان لەسەر بابەتی سووتەمەنی بەردین هەیە."
شاند و نوێنەرە نێودەوڵەتییەکان ئەو رێککەوتنەیان بە هەنگاوێکی گرنگ زانی بۆ کۆتاییهێنان بە سووتەمەنی بەردین.
جۆن کێری، نێردەی تایبەتی سەرۆکی ئەمریکا بۆ کەشوهەوا رایگەیاند، "ئەمریکا و چین دەیانەوێت ستراتیژییە درێژخایەنەکەی خۆیان لە گۆڕانی کەشوهەوا نوێبکەنەوە و ستایشی رێککەوتنەکە دەکەن."
نێردە ئەمریکییەکە هەروەها گوتی، "ئەو رێککەوتنە پەیامێکی زۆر بەهێز بۆ جیهان دەنێرێت."
هەرچەندە رۆژی هەینی، 1ـی کانوونی یەکەمی 2023، ئەنتۆنیۆ گوتێرێز، سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە کۆنفرانسەکە رایگەیاند، "ناتوانین جیهانێکی گەرمبوو بە ئاگرکوژێنەوەیەکی بەردین رزگار بکەین."
گوتێرێز داوای لەو کۆمپانیایانە کرد کە وەبەرهێنان لە سووتەمەنیی بەردیندا دەکەن بۆ ئەوەی سەرچاوەی بەرهەمهێنانیان لە سووتەمەنیی بەردینەوە بکەنە وزەی نوێبووەوە، داواشی لە وڵاتان کرد یارمەتی کۆمپانیاکان بدەن بۆ ئەوەی ئەو گۆڕانکارییە بکەن.
گوتێرێز بە پاڵپشتیی نزیکەی 100 وڵات داوایکرد سووتەمەنی بەردین "بەتەواوی بنبڕ بکرێت" بەڵام 200 وڵاتەکە لەسەر ئەو چەمکە رێکنەکەوتن، بەڵکو رێککەوتنەکە لەسەر "گواستنەوە لە سووتەمەنی بەردینی لە سیستەمی وزەدا، بە شێوەیەکی دادپەروەرانە و رێکوپێک و خێراکردنی کردەوە لەم دەیە گرنگەدا" بوو.
رێککەوتنەکە، هەروەک نەتەوە یەکگرتووەکان دەڵێت، دەبێتە بەرهەمی بنبڕکردنی دەردانی گازە زیانبەخشەکان لە 2050.
سەرەتا رەشنووسی رێککەوتنی کۆتایی کۆنفرانسەکە کە رۆژی سێشەممە پێشنیازکرا چەند بژارەیەکی لە خۆگرتبوو کە دەکرێت شەڕی گەرمبوونی جیهان بکرێت و چەند وڵاتێک نیگەرانی ئەوە بوون کە رەشنووسەکە بڕیاری چارەنووسسازی تێدا نییە.
رۆژی چوارشەممە رەشنووسە 21 لاپەڕەییەکە سێ جار نوێکرایەوە و تێیدا داوا لە "هەموو وڵاتان" کرا کە کارێک بکەن بۆ دوورکەوتنەوە لە سووتەمەنی بەردین.
بەپێی بەرپرسێکی کۆنفرانسەکەش، پەڕاوەکە لە هیچ شوێندا باسی "نەوت" ناکات و لە دوو شوێندا ئاماژە بە "سووتەمەنی بەردین" دەکات.
پرۆگرامی ژینگەیی نەتەوە یەکگرتووەکان پێشبینی دەکات کە وڵاتە تازە گەشەسەندووەکان بڕی 194 بۆ 366 ملیار دۆلاریان بۆ خۆگونجاندن لەگەڵ جیهانێکی گەرمتر پێویست بێت.
دوای رێککەوتن لەسەر رەشنووسە نوێکراوەکە، ئەگنێس پانیێر روناچێر، وەزیری وزەی فەرەنسا رایگەیاند، "ئەمە سەرکەوتنی فرەلایەنی و دیپلۆماسییەتی کەشوهەوایە."
خانمە وەزیرە فەرەنسییەکە گوتیشی، "ئیدی ئێمە دەبێت پلانێک بەگەڕبخەین بۆ دەرچوون لە سووتەمەنی بەردین و ئێمە ئاگادار و ئامادەی ئەوە دەبین."
لەلایەکی دیکەوە، ئێسپن بارس ئێیدێ، وەزیری کەشوهەوا و ژینگەی نەرویج گوتی، "ئەمە یەکەمجارە هەموو جیهان لە دەوری دەقێکی روون یەکدەگرن کە ئەویش پێویستیی خۆبەدوورگرتنە لە سووتەمەنی بەردین. بەڕاستی ئەوە کێشەیەکی گەورە بوو، لە کۆتاییدا ئێمە پێیدەزانین و ئەمەش بەرهەمی چەندین گفتوگۆی تووند و دیپلۆماسییەتی چڕە."
یەکێکی دیکە لە دەستکەوتەکانی COP28 ئەوەبوو کە رۆژی 1-12-2023 ئیمارات رایگەیاند، سندووقێکی 30 ملیار دۆلاری بۆ خزمەتکردنی زەوی و وڵاتە بەرکەوتووەکانی بە زیانی گۆڕانی کەشوهەوا راگەیاند.
کۆنفرانسی گۆڕانی کەشوهەوا کۆپ28 لە ئیمارات بە بەشداریی زیاتر لە 70 هەزار کەس، لەنێویاندا سەرۆک و سەرۆکوەزیرانی 200 دەوڵەت و حکومەتی جیهان لەگەڵ هەزاران بڕیاربەدەست، زانا، شارەزای بوارە جیاوازەکان، سەرۆک و ئەندامانی رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان و گرووپە جیاوازەکانی گەنجان بۆ دۆزینەوەی چارەسەر و چۆنیەتی تەرخانکردنی پارە بۆ پرۆژەکانی رووبەڕووبوونەوەی گۆڕانی کەشوهەوا بەڕێوەچوو.
وا بڕیارە کۆنفرانسی داهاتوو لە 2024 لە ئازەربایجان و لە 2025 لە بەرازیل بەڕێوەبچێت و مژاری سەرەکیی تێیدا "کێشەی ئابووری" بێت.