هێزی دەریایی سوپای پاسداران: بنکەیەکی ئەمریکامان لە ئیمارات بۆردوومان کرد

 
رووداو دیجیتاڵ

هێزی دەریایی سوپای پاسدارانی ئێران رایدەگەیێنێت، لە چوارچێوەی شەپۆلی 45ـەمی ئۆپەراسیۆنی "وەعدی سادق 4"، بنکەی ئاسمانیی "ئەلزەفرە" لە ئیمارات کە هێزەکانی ئەمریکای لێیە، بە مووشەکی بالیستی کراوەتە ئامانج.
 
بەپێی راگەیێندراوێکی فەرمیی هێزی دەریایی سوپای پاسداران کە ئەمڕۆ بڵاوکراوەتەوە، لەو ئۆپەراسیۆنەکەدا کە بە دوو قۆناخ کراوە، چەندین بنکە و ناوەندی هەستیاری نێو بنکە ئاسمانییەکە پێکراون.
 
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە: "لەو هێرشانەدا، رادارەکانی هۆشداریی پێشوەختە، سەنتەرەکانی فەرماندەیی و کۆنترۆڵی ئاگر، هەروەها شوێنی کۆبوونەوەی سەربازانی ئەمریکی لەو بنکەیە بە مووشەکی کروز و بالیستی بە وردی کراونەتە ئامانج."
 
سوپای پاسداران  رایگەیاندووە هێرشەکانیان "تاوەکو کۆتاییهێنان بە تەواوی بنکە سەربازییەکانی ئەمریکا لە ناوچەکە" بەردەوام دەبن، چونکە بە گوتەی ئەوان بوونی ئەو هێزانە لە ناوچەکەدا "هۆکاری سەرەکیی نائارامی و ململانێکانە."
 
شەڕی نێوان هاوپەیمانیی ئەمریکا و ئیسرائیل لەگەڵ ئێران، پێی ناوەتە هەفتەی سێیەم، هەردوولا بەردەوامن لە هێرشەکانیان بۆ سەر یەکدی.