ئێران هەڕەشەی لێدانی 30 کۆمپانیای تەکنەلۆژیی ئەمریکا دەکات

 
رووداو دیجیتاڵ

لەگەڵ هەڵکشانی گرژییەکانی جەنگی نێوان ئەمریکا و ئیسرائیل لەگەڵ ئێران، تاران بازنەی ئامانجەکانی بۆ "جەنگی ژێرخان" فراوانتر کرد و ناوی نزیكەی 30 کۆمپانیای زەبەلاحی تەکنەلۆژیای ئەمریکی وەک ئامانجی سەربازی راگەیاند. هاوکات هۆشداریی بەپەلە دراوەتە کارمەندانی ئەو کۆمپانیایانە بۆ ئەوەی دەستبەجێ شوێنەکانیان چۆڵ بکەن.
 
ئاژانسی تەسنیمی ئێرانی، کە نزیکە لە سوپای پاسداران، لیستێکی بڵاوکردەوە و تێیدا ناوەند و ئۆفیسەکانی کۆمپانیاکانی لە 30 شوێنی جیاوازی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست وەک "ئامانجی نوێی ئێران" دەستنیشان کردووە.
 
بەپێی زانیارییەکان، ئەم کۆمپانیایانە لەبەر رۆڵیان لە پەرەپێدانی سیستمی ژیریی دەستکرد و دابینکردنی خزمەتگوزارییەکانی (کڵاود) بۆ سوپای ئەمریکا و ئیسرائیل کراونەتە ئامانج.
 
هۆشداریی چۆڵکردن لە شارە گەورەکان
 
ئاگادارییەکی بەپەلە ئاراستەی کارمەندانی ئەم کۆمپانیایانە کراوە تاوەکو دەستبەجێ نووسینگەکانیان لەم شارانە چۆڵ بکەن: دوبەی، ریاز، دەوحە، کوێت، مەنامە و مەسقەت.
 
کۆمپانیاکانیش بریتین لە: کوالکۆم، ئەدۆب، دێڵ، ئینتێڵ، ئەپڵ، سیسکۆ، پالۆ ئاڵتۆ نێتۆرک، ئۆراکل، سالزفۆرس، ئەمازۆن، مایکرۆسۆفت، گووگڵ و ئای بی ئێم. هۆشداری دراوەتە هاووڵاتیانیش، لانیکەم یەک کیلۆمەتر لەو باڵەخانانە دوور بکەونەوە.
 
پێکانی ناوەندەکانی داتا و ململانێی سەربازی
 
سوپای پاسداران بەرپرسیارێتیی هێرشکردنە سەر دوو ناوەندی داتای ئەمازۆنی لە ئیمارات گرتە ئەستۆ. تاران دەڵێت، "ئەم ناوەندانە پشتگیریی هەواڵگری و سەربازیی دووژمن دەکەن." 
 
هەروەها ئاماژە بە رێککەوتنی 1.2 ملیار دۆلاریی نێوان ئەمازۆن و گووگڵ لەگەڵ ئیسرائیل (پڕۆژەی نیمبوس) دەکرێت، کە "ژێرخانی سەرەکیی تەکنەلۆژی" بۆ سوپای ئیسرائیل دابین دەکات.
 
جەنگی ئێران کاریگەریی قورسی لەسەر پڕۆژە ژێرخانییە جیهانییەکانیش دروست کردووە. کۆمپانیای مێتا (فەیسبووکی پێشوو) رایگەیاند، کارەکانی لە پڕۆژەی کێبڵی ژێر دەریایی  2Africa لە ناوچەی کەنداو راگرتووە.
 
ئەم کێبڵە فایبەر ئۆپتیکە کە درێژییەکەی 45,000 کیلۆمەترە و بڕیار بوو وڵاتانی کەنداو بە جیهانەوە ببەستێتەوە، بەهۆی نائارامیی ناوچەکە و مەترسیی لەسەر کەشتییە فەڕەنسییەکانی جێگیرکەری کێبڵەکە، پەکیکەوتووە. هەروەها کەشتیی (Ile De Batz) تایبەت بەم پڕۆژەیە لە کەناراوەکانی دەمام لە سعودیە گیری خواردووە.