حەماس داوا لە ئێران دەکات هێرشەکانی بۆسەر وڵاتانی دراوسێ بوەستێنێت
رووداو دیجیتاڵ
بزووتنەوەی ئیسلامیی حەماسی فەلەستینی رۆژی شەممە لە بانگەوازێکدا، داوای لە ئێران کرد هێرشەکانی بۆ سەر وڵاتانی دراوسێ رابگرێت، لە هەمان کاتدا مافی تارانی بۆ بەرگریکردن لە خۆی بەرامبەر ئیسرائیل و ئەمریکا دووپات کردەوە.
حەماس لە راگەیێندراوێکدا گوتی: "لەگەڵ جەختکردنەوە لە مافی کۆماری ئیسلامیی ئێران بۆ وەڵامدانەوەی ئەم دەستدرێژییە بە هەموو رێکارێکی بەردەست بەپێی یاسا نێودەوڵەتییەکان، بزووتنەوەکەمان داوا لە براکانمان لە ئێران دەکات خۆیان دوور بگرن لە بە ئامانجگرتنی وڵاتانی دراوسێ."
ئەمە یەکەمجارە حەماس بەم شێوە ئاشکرایە داواکارییەک ئاراستەی تاران دەکات، کە یەکێکە لە گەورەترین پاڵپشتیکارەکانی.
بزووتنەوەکە داواشی لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کرد، هەنگاو بنێت بۆ کۆتاییهێنان بەو جەنگەی کە لە 28ی شوباتەوە بە هێرشی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر ئێران دەستیپێکردووە.
بەرپرسێکی حەماس کە نەیویستووە ناوی ئاشکرا بکرێت، بە ئاژانسی فرانس پرێسی راگەیاندووە، بزووتنەوەکە لەبارەی هێرشەکانی سەر کەنداوەوە پەیوەندیی بە بەرپرسانی ئێرانەوە کردووە.
بەرپرسەکە گوتی: "ئیسرائیلی داگیرکار دەیەوێت دووبەرەکی بخاتە نێوان ئێران و دراوسێ عەرەب و ئیسلامییەکانی."
هەروەها باسی لەوە کرد، سەرکردایەتیی حەماس پەیوەندیی بە قەتەر، تورکیا و عێراقەوە کردووە بۆ ئەوەی کار بکەن بۆ وەستاندنی هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر ئێران.
لەگەڵ ئەوەی ئێران ساڵانە دەیان ملیۆن دۆلار هاوکاریی حەماسی کردووە، شارەزایان دەڵێن ئەم داواکارییەی حەماس بە مانای گۆڕینی ستراتیجی بزووتنەوەکە نایەت.
جەمال فادی، مامۆستای پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان لە زانکۆی ئەزهەر لە غەززە دەڵێت: "هیچ گۆڕانکارییەکی ستراتیجی لە هەڵوێستی حەماسدا نییە، هێشتا هاوپەیمانی ئێرانە."
ئەو پێی وایە حەماس ئەم راگەیێندراوەی دەرکردووە بۆ ئەوەی خۆی لە "گوشاری وڵاتانی کەنداو و عەرەب" بپارێزێت و دەڵێت "رەنگە ئەم راگەیێندراوە درەنگ کەوتبێت و دەبوایە لە سەرەتای جەنگەکەدا دەربکرایە."
پەیوەندییەکانی حەماس لەگەڵ وڵاتانی سوننە
جگە لە ئێران، حەماس پەیوەندییەکی باشی لەگەڵ وڵاتانی زۆرینە سوننەدا هەیە، بەتایبەت قەتەر و تورکیا.
• قەتەر: پاڵپشتیکاری سەرەکیی دارایی حەماس بووە لەرێگەی هاوکاریی مرۆیی، مووچەی فەرمانبەران و سووتەمەنی بۆ غەززە و میوانداریی سەرکردایەتیی سیاسیی بزووتنەوەکە دەکات لە دەوحە. قەتەر رۆژی شەممە رایگەیاند، دوو مووشەکی ئێرانی خستووەتە خوارەوە.
• تورکیا: زیاتر پاڵپشتیی سیاسی و دیپلۆماسیی حەماسی کردووە نەک دارایی، هەروەها رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری ئەو وڵاتە میوانداریی سەرکردەکانیانی کردووە. تورکیا رۆژی هەینی رایگەیاند مووشەکێکی بالیستیی ئێرانیان لە ئاسمانی وڵاتەکەیان خستووەتە خوارەوە.
لەلایەکی دیکەوە، حیزبوڵڵای لوبنان سەتان مووشەکی گرتووەتە ئیسرائیل. لە وەڵامدا، هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر لوبنان لە دووی ئادارەوە تاوەکو ئێستا نزیکەی 800 کەسیان کوشتووە، بەپێی ئاماری وەزارەتی تەندروستیی لوبنان.