سێنتکۆم: 90 ئامانجی سەربازیمان لە دوورگەی خارک وێرانکرد و ژێرخانی نەوت پارێزراوە


رووداو دیجیتاڵ

فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا (سێنتکۆم) دەڵێ، شەوی رابردوو و بەرەبەیانی ئەمڕۆ هێزەکانی ئەمریکا هێرشێکی ورد و بەرفراوانیان کردووەتە سەر دوورگەی خارکی ئێران.
 
بەگوێرەی راگەیێندراوەکەی سێنتکۆم، لەو هێرشەدا کۆگاکانی مینی دەریایی، حەشارگەکانی کۆگاکردنی مووشەک و چەندین شوێنی سەربازیی دیکە تێکشکێندراون.
 
 سێنتکۆم ئاماژە بەوە دەکات، هێزەکانی ئەمریکا بە سەرکەوتوویی زیاتر لە 90 ئامانجی سەربازیی ئێرانیان لە دوورگەی خارک پێکاوە.
 
فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا باس لەوەش دەکات، لە کاتی ئەنجامدانی هێرشەکاندا، ژێرخانی نەوتیی دوورگەکە پارێزراوە و هیچ زیانێکی پێ نەگەیشتووە.
 
بەرەبەیانی شەممە 14-03-2026 دۆناڵد ترەمپ رایگەیاند، لەسەر فەرمانی ئەو، فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا (سێنتکۆم) یەکێک لە بەهێزترین و گەورەترین هێرشە ئاسمانییەکانی لە مێژووی رۆژهەڵاتی نێوەراستدا کردووە و تێیدا دوورگەی خارکی ئێرانی کردووەتە ئامانج. 
 
ترەمپ گوتی، هەموو ئامانجە سەربازییەکانی دوورگەی خارک بە تەواوی لەنێوبران و وێران کران. 
 
سەرۆکی ئەمریکا گوتی: "لەبەر هۆکاری ئەخلاقی و ویژدانی، بڕیارمدا کە ژێرخانی نەوتی دوورگەکە لەنێو نەبەم،" بەڵام هۆشدارییەکی تووندی دا و گوتی: "ئەگەر ئێران یان هەر لایەنێکی دیکە، دەستوەردان لە هاتووچۆی ئازاد و سەلامەتی کەشتییەکان لە تەنگەی هورمزدا بکات، دەستبەجێ پێداچوونەوە بەو بڕیارەدا دەکەم."
 
دوورگەی خارک دەکەوێتە باشووری رۆژئاوای ئێران، واتە باکووری رۆژهەڵاتی تەنگەی هورمز، رووبەری دوورگەکە 20 کیلۆمەتر دووجایە و سەر بە پارێزگەی بووشەهرە، نزیکەی هەشت هەزار و 200 کەس لە دوورگەکە دەژین. دوورگەکە 25 کیلۆمەتر لە خاکی ئێران دوورە و ئاوی سازگاری خۆی هەیە. 
 
گرنگیی دوورگەکە لەوەدایە، بەندەرێکی دەریایی هەیە کە نزیکەی 90٪ـی هەناردەی نەوت و گازی شلی ئێرانی پێدا دەڕوات.