ئیمارات نەخۆشخانە، قوتابخانە و یانەکانی ئێران لە دووبەی دادەخات
رووداو دیجیتاڵ
ئیمارات فەرمانی داخستنی سەرجەم ناوەند و دامەزراوە ئێرانییەکانی لە شاری دووبەی دەرکرد، لەوانەش نەخۆشخانە، قوتابخانەکان و یانەی ئێرانییەکان.
بەپێی رێنماییە نوێیەکان، دەبێت سەرجەم ئەو کارمەندانەی لە ئێرانەوە نێردراون بۆ کارکردن لەم دامەزراوانە، خاکی ئیمارات جێبهێڵن.
وردەکاریی بڕیارەکان
فەرمان بە نەخۆشخانەی ئێرانی کراوە لە ماوەی ئەوپەڕی مانگێکدا سەرجەم کارەکانی رابگرێت و دابخرێت.
یانەی ئێرانییەکان کە راستەوخۆ لەژێر سەرپەرشتیی تاراندایە، لە راگەیێندراوێکدا باسی لەوە کرد کە لە 15ی ئادارەوە سەرجەم چالاکییەکانیان رادەگرن.
لانیکەم 5 قوتابخانەی ئێرانی لە ئیمارات هەن. ئاگادار کراونەتەوە کە دەبێت قوتابییەکانیان بۆ قوتابخانەکانی دیکە بگوازنەوە.
کەمکردنەوەی ستافی دیپلۆماسی
لەلایەکی دیکەوە، دەسەڵاتدارانی ئیمارات فەرمانیان بە کۆنسوڵخانەی ئێران لە دوبەی کردووە کە ژمارەی کارمەندەکانی کەم بکاتەوە. بەپێی بڕیارەکە، کۆنسوڵخانەکە تەنیا دەتوانێت بە شێوەیەکی سنووردار و بە پشتبەستن بە کارمەندانی ناوخۆیی کە خەڵکی ئیمارات یان دانیشتووی ئەوێن، کارەکانی بەڕێوەببات.
ئەم هەنگاوانەی ئیمارات لە کاتێکدان کە گرژییەکانی نێوان وڵاتانی کەنداو و تاران گەیشتوونەتە لوتکە، ئەوەش دوای ئەوەی ئێران لە چوارچێوەی جەنگەکەی لەگەڵ ئەمریکا و ئیسرائیل، چەندین هێرشی مووشەکی و درۆنی کردە سەر دامەزراوەکانی وزە و باڵیۆزخانەکانی ئەمریکا لە وڵاتانی کەنداو، لەوانەش ئیمارات.