ئوردن دەڵێت لە دووەم هەفتەی جەنگەکەدا 79 مووشەک و درۆنی ئێرانییان تێکشکاندووە


رووداو دیجیتاڵ

ئوردن رایدەگەیێنێت، لە دووەم هەفتەی جەنگی رۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا، 79 مووشەک و درۆنی ئێرانییان تێکشکاندووە کە ئاراستەی وڵاتەکەیان کرابوون، بەڵام پاشماوەی تێکشکێنراوی ژمارەیەک لەو مووشەکانە نۆ کەسیان بریندار کردووە.
 
رۆژی شەممە، 14ـی ئاداری 2026، هێزە چەکدارەکانی ئوردن لە راگەیێندراوێکدا بڵاویانکردەوە: "لە دووەم هەفتەی جەنگەکەدا، 85 مووشەک و درۆن راستەوخۆ لە ئێرانەوە بەرەو ئوردن هەڵدراون و ناوچە هەستیارەکانیان کردووەتە ئامانج."
 
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە کە هێزی ئاسمانیی ئوردن توانیویەتی 79 مووشەک و درۆن تێکبشکێنێت، لە کاتێکدا پێنج درۆن و یەک مووشەک لە نێو خاکی ئوردن کەوتوونەتە خوارەوە.
 
ئەم جەنگە لە 28ی شوبات بە هێرشی هاوبەشی ئەمریکا و ئیسرائیل دەستیپێکرد کە تێیدا ئایەتوڵڵا عەلی خامنەیی، رێبەری باڵای ئێران کوژرا و بە خێرایی بەسەر تەواوی ناوچەکەدا تەشەنەی سەند.
 
لە لایەکی دیکەوە، گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی گشتیی ئوردن لە راگەیێندراوێکدا باسی لەوە کرد کە لە هەفتەی دووەمی جەنگەکەدا، پارچەی 93 رۆکێت و درۆن کەوتوونەتە خوارەوە و "زۆربەی پارێزگاکانی شانشینەکەی گرتووەتەوە و نۆ کەسیش بریندار بوون."
 
شەممەی رابردوو، ئوردن ئێرانی تۆمەتبار کرد بەوەی کە دامەزراوە هەستیارەکانی وڵاتەکەی کردووەتە ئامانج و 119 مووشەک و درۆنی ئاراستەی خاکی ئوردن کردووە.