بەحرێن: 121 مووشەک و 193 درۆنی ئێرانیمان تێکشکاندووە

 
رووداو دیجیتاڵ

هێزی بەرگریی بەحرێن ئاماری تێکشکاندنی مووشەک و درۆنە ئێرانییەکان بڵاودەکاتەوە و رایدەگەیێنێت، لە سەرەتای دەستپێکی گرژییەکانەوە تاوەکو ئێستا، زیاتر لە 300 مووشەک و درۆنیان بەرپەرچداوەتەوە.
 
فەرماندەیی گشتیی هێزی بەرگریی بەحرێن رایگەیاند، لە سەرەتای "دەستدرێژییەکانی ئێرانەوە" بۆ سەر خاکی وڵاتەکەیان، 121 مووشەک و 193 درۆنی ئێرانیان بەرپەرچداوەتەوە و تێکیانشکاندوون.
 
درەنگی شەوی رابردوو، 13ـی ئاداری 2026، فەرماندەیی گشتیی هێزی بەرگریی بەحرێن لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە، سیستمی بەرگریی ئاسمانی بەردەوامە لە رووبەڕووبوونەوەی هێرشەکانی ئێران.
 
لە راگەیێندراوەکەدا ئاماژە بەوە کراوە، ئەو 121 مووشەک و 193 درۆنەی تێکشکێندراون، راستەوخۆ شانشینی بەحرێنیان کردبووە ئامانج، بەڵام لەلایەن سیستمی بەرگرییەوە بەرپەرچ دراونەتەوە.
 
هێرشەکانی ئێران بۆ سەر وڵاتانی ناوچەکە بەردەوامن؛ ئەمە لەکاتێکدایە مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئێران، چەند رۆژێک لەمەوبەر لە گوتارێکی تەلەڤزیۆنیدا رایگەیاندبوو هێرشەکانیان بۆ سەر وڵاتانی دراوسێ راگرتووە، مەگەر هێرشێک لە خاکی ئەو وڵاتانەوە بکرێتە سەر ئێران.
 
تاران جەخت لەوە دەکاتەوە کە هێرشەکانی وڵاتێکی دیاریکراو ناکەنە ئامانج، بەڵکو مەبەستیان لێدانی "بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا"یە لە ناوچەکە، بەڵام بەپێی راپۆرتەکان، هێرشەکان زیانیان بە چەندین دامەزراوەی مەدەنی گەیاندووە، لەوانەش فڕۆکەخانە، بەندەر و باڵەخانە مەدەنییەکان.